د.لاڤە داراعلی- پسپۆری نەخۆشییە دەروونی یەکان
هەروەک لەسەرەتای سەدەی بیستەم براوەی خەڵاتی نوبڵ زانای بەکتریۆلۆجیست ڕۆبەرت کوخ پێشبینی یەکی بەناوبانگی کرد :
(ڕۆژێک دەبێت مرۆڤ بەسەختی بجەنگێت دژ بە ژاوەژاو ودەنگەدەنگ هەروەک کۆلێراو تاعون).
توێژینەوەزانستی یەکان ئەوڕاستیەیان سەلماندووەکە بەرکەوتنی مرۆڤ بۆدەنگی بەرزو ژاوەژاو کە بە پیسبوونی ژینگە دەناسرێت وەک نیشتەجێ بوون لە شوێنێک نزیک فرۆکەخانە، شەمەندەفەر، جادەی قەرەباڵغ وترافیک....هتد، بەشێوەیەکی بەردەوام و بۆماوەیەکی دورودرێژ کاردەکاتە سەر باری دەرونی مرۆڤەکان و دەبێتە هۆی تێکچونی خشتەی خەو، خەمۆکی، جۆرەکانی دڵەڕاوکێ نەک تەنها نەخۆشی دەرونی بەڵکو ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لە توشبوون بەنەخۆشی یەکانی دڵ بەهۆی چالاک کردنی میکانیزمی (هەڵهاتن- جەنگاندن) کەبەرپرسیارە لەهەست کردن بەسترێس و دەرکەوتنی زیانەجەستەیی یە درێژخایەنەکانی وەک بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، دڵەکوتێ، بەرزبوونەوەی هۆرمۆنەکانی سترێس (ئەدرینالین، کۆرتیزۆن) کەدەرئەنجام بەرپرسن لەڕوودانی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک، ئەمە بێجگە لەکێشەکانی بیستن و نەخۆشی یەکانی.
بەهەمان شێوەی گەورەکان منداڵ و هەرزەکاران بێبەش نین لەزیانەکان، پەیوەندی یەکی بەهێز دۆزراوەتەوە لەگەڵ نەخۆشی کەمی هۆشپێدان و فرەجوڵەیی لەمنداڵان وهەرزەکاران. بەپێی مەزندەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی لەئەوروپابەرکەوتنی خەڵکی بەتەنهابۆدەنگی ژاوەژاوی ترافیک ساڵانە دەبێتە هۆی لەدەستدانی تەندروستی ١.٥ ملیۆن کەس. ئەم ڕاستیانە نهێنی تەمەن درێژی باپیرانمان و ئەوکەسانە دەردەخات کەلەلادێ و سروشتدا دەژین و دوورن لە قەرەباڵغی و ژاوەژاو. پاش ڕوون کردنەوەی زیانەکان پێویستەدەنگەدەنگ و ژاوەژاو بەهەند وەربگیرێت و بزانین چۆن خۆمانی لێ دەپارێزین.