دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10/12/2023

مەریوان قەرەنی: دەبێ سەرۆك وەزیرانی عێراق بە كردەیی رێگە لە هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بگرێت

هەرێم نیوز

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، دەبێ سەرۆك وەزیرانی عێراق بە كردەیی رێگە لە هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بگرێت. 

هەروەك لە راگەیاندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی 8ی 12ی 2023، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی لە شاری هەولێر کردە ئامانج كە خۆشبەختانە ئەم هێرشە تەنها زیانی ماددیی لێ کەوتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو لایەنانەی كە بەم شێوەیە درۆنی بۆمبڕێژكراو یان مووشەك ئاراستەی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، وەنەبێت لایەنی نەناسراو و گرووپی شاراوە بن، بەڵكوو هەموو ئەو لایەنانە میلیشیای ناسراون و خۆیان ڤیدیۆكان بڵاو دەكەنەوە و بە ئاشكراش ئەو هێرشانە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدڕاڵییەوە دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان!

دەشڵێت، بەپێی دەستوور و بە گوێرەی یاساكان لەنێویشیاندا یاسای حەشدی شەعبی، حكوومەتی فیدڕاڵی و خودی سەرۆك وەزیرانی عێراق، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقە بە سەرجەم ئەو هێزە چەكدارانەشی كە لەنێو دەستەی حەشدی شەعبییەوە ڕێكخراون، كەچی حكوومەتی فیدڕاڵی تا ئێستا نەیتوانیوە بەرپرسیارێتیی خۆی لە ڕێگەگرتن لە هەر هێرشێك بۆ نێو سنووری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

مەریوان قەرەنی وتیشی، لێرەوە، هیوادارین بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە كردەیی هەوڵی ڕێگەگرتن لەو میلیشیایانە بدات لەوەی بەردەوام هێرش بكەنە سەر هەرێمی كوردستان، ئەمەش هەنگاوی جددی دەوێت و تەنیا بە بەیاننامە و درووشم نابێت. بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر ناتوانێت ئەو هێزانە ناچار بكات بە راگرتنی هێرشەكانیان، داوا لە حكوومەتی فیدڕاڵی دەكەین راشكاوانە دانی پێدا بنێت!



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP