دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 12/03/2024

ڕێگاکە بۆ هەمووانە

هێمن عەبدولقادر

لە هیندستان دەڵێن :-

-ئەگەر دوو مرۆڤی باش لەسەر ڕێگایەکی باریک بەلای یەکدا تێپەڕن ، ئەوا سێ رێگا دروست دەبێت.
(چونکە هەر کامیان دەرفەت بەوی تر دەدات تێپەڕێت بەم چەشنە دوو ڕێگا دروست دەبێت لەگەڵ ڕێگا سەرەکیەکە دەبێت بەسیان)
-ئەگەر مرۆڤێکی باش و مرۆڤێکی خراپ لەسەر ڕێگایەکی باریک بەلای یەکدا بڕۆن لانی کەم (دوو ڕێگا) دروست دەبێت چونکە مرۆڤە باش و عاقڵەکە ڕێگایەک دەدەۆزێتەوە تا بێ کێشە تێپەڕن و ڕێگا ئەسڵیەکەش دەمێنێتەوە
-بەڵام ئەگەر دوو مرۆڤی نەزان و بێ عەقڵ لەسەر ڕێیەکی باریک بەلای یەکدا تێپەڕن یان (یەک ڕێگا هەیە ، یان هیچ ڕێگایەک) جگە لە شەڕ و دەمەقاڵێ و کێشە.

حافز ئەفەرموێ (ئیمکان نییە هەرگیز شەڕ لە نێوان دوو ئینسانی عاقڵدا ڕووبدات ، لانی کەم یان هەردوو کیان بێ عەقڵن ، یان دانەیەکیان)
ئەگەر دوو مرۆڤی عاقڵ لە ماڵێکدابن ، لە شەقامێکدابن ، لە فەرمانگەیەکدا ، لە پارتێکدا لە نیشتمانێکدا ، لە دوکانێکدا ، لە پەرستگا و لە سۆشیاڵ میدیا و لە... لە.. لە.. لە.. بن ، هەموو شتێک دەبێتە نیلوفەری مۆر ، ماڵ پڕ دەبێت لە ئارامی ، کاری خەڵکی بە ئاسانی دەڕوات ، کێشە و چاو سورکردنەوە و ددان جیڕکردنەوە و پەنگ خواردنەوە کەمتر دەبێتەوە.
خۆ ئەگەر دوو بێ عەقڵ دەست بەسەر بەماڵ و نیشتیمان و شەقام و ئوتومبیل و کۆمێنتدا بگرن ، ئەوا ژیان لە هەمووان دەبێتە دۆزەخ.

ئەگەر هێمنیمان دەوێت ، دەبێت بڕێک لە خۆپەرستی و (منێتی تاک) ئەوەی کە کۆمەڵناسی ئەمریکی (هربرت مید) باسی دەکات، وەلا بنێین ، ئەگەر خود پەرستی و کەللەڕەقی و خۆبە جیاواز نیشان دان وەلا نەنێین ، ڕێگایەک نامێنێت بۆ قسە کردن لەگەڵ یەکتری ، باوەشێک نامێنێت بۆ ئارامی ، ماڵێک نامێنێت بۆ پشوودان ، دڵێک نامێنێت بۆ بەزەیی هاتنەوە.
ئەگەر ئاسایش و ئارامی خۆمانمان دەوێت ، دەبێت ئاسایش و ئارامی ئەوانی تریش لەبەر چاو بگرین ، ڕێگای ئەوانی تریش ببینین ، لە داخستنی ڕێگاکاندا زیانۆمەند هەموومانین .
(ئەگەر ئێمە ژیان لەبەر یەکتری ئاسان ناکەین بۆ چی دەبێت بژین ؟ بۆچی دەبێت مرۆڤ بین ؟)

ئەگەر دوو بەرد ، یان دوو ئاسن ، یان دوو تەنی ڕەق ، بدەن بەیەکدا هەر چەخماخەو تەقە تەق و دەنگی ناخۆش و شکاندن و شەڕ و ئاژاوە و تۆمەت و سوکایەتی و دەرکردن و ڕاوەدونان دروست دەبێت .
ئەگەر دوتەنی نەرم و ڕەق بدەن بەیەکدا هیچ ڕونادات ، ڕەنگە کەمێک زیان بە نەرمێتیمان بگات بەڵام هیچی گەورەتر ڕونادات ، خۆ ئەگەر دوو عاقڵ دوو نەرمو نیان دوو مرۆڤی ژیر بەیەکدا بدەن ، ئارگۆمێنت ، زمان ، داهێنان ، شارستانییەت ، ئارامی . سەلامەتی ، بەختەوەری و شادی پێکدەگەن و هەموانیش لەو هێمنیایەتییە بەهرەمەند دەبن.

سوهراب لە هۆنراوەی ( پیامی در راه ) دەڵێت :-
(رهزنان را خواهم گفت: كارواني آمد بارش لبخند)
بە جەردە و ڕێگرەکانی سەر ڕێگاکەشم دەڵێم
(کاروانێک وا هات پێبکەنن و خۆشحاڵ بن)

چون ڕەنگە هەواڵێکی خۆشی پێش وەختە بە جەردەیەکیش مرۆڤ بەرەو بیری چاکتر ببات .
نوقتە سەری دێڕ .....

*ڕێگاکە بۆ هەمووانە ئەگەر بمانەوێت پێکەوە بژین ، دەبێت دەرفەت بەیەکتری بدەین
**ڕێگایەک بۆ هەمووان هەیە پێکەوە دانیشین و بمێنینەوە و نەڕۆین و کەسیش زیانی پێنەگات ، بەمەرجێ یەک دوو مرۆڤی باش و عاقڵ هەمیشە لەماڵ و لە ڕێگاو لە نزیکمان بێت



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP