دواین هەواڵ

جیهان‌

 29/03/2024

ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی کردە سەر سوریا و لایکەم 36 کەس کوژراوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ هەینی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای حەلەبی سوریا لانیکەم 36 سەربازی سوریا کوژران.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە ڕایگەیاندووە، هێرشەکەی ئیسرائیل ناوچەیەکی "نزیک کۆگاکانی مووشەکی سەر بە حزبوڵای لوبنانی" کردووەتە ئامانج.

 لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوەکەدا هاتووە: "بەلایەنی کەمەوە 36 سەرباز کوژراون و دەیان سەربازی دیکەش برینداربوون".

هەروەها دەوترێت ئەو ناوچەیەی هێرش کراوەتە سەر نزیکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب.

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا "سانا" ڕایگەیاند، لە هێرشەکەدا کە پێش بەرەبەیان ڕوویداوە، هاوڵاتیانی مەدەنی و هەروەها کارمەندانی سەربازیش کوژراون و برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵی دانشجوی ئێرانیش ڕایگەیاندووە، ڕەنگە هێرشی شەوی ڕابردوو توندترین و بەرفراوانترین هێرشی ئیسرائیل بێت بۆ سەر سوریا. دەشڵێت، هیچ چەکدار و ڕاوێژکارێکی ئێرانی زیانیان پێنەگەیشت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP