دواین هەواڵ

جیهان‌

 29/03/2024

ئیسرائیل کوژرانی سەرکردەیەکی گەورەی حەماسی ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

سوپای ئیسرائیل لە میانەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزەکانی ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی پزیشکی "ئەلشەفا" لە غەززە، کوژرانی ڕائید ثابیت، یەکێک لە فەرماندە بەناوبانگەکانی بزووتنەوەی حەماسی ڕاگەیاند.

 بە وتەی ئەڤیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ڕائید ثابیت وەک بەرپرسی بەشی لۆجیستیکی و سەرچاوە مرۆییەکان لە لقی سەربازی حەماس کاری کردووە.

 ئەدرەعی ئاماژەی بەوەشکرد، ڕائد ثابیت بەرپرسی سیستەمی بەرهەمهێنانی حەماسیش بووە و ڕۆڵی سەرەکی لە دابینکردنی چەکەکانی گرووپەکە بینیوە.

 بە گوتەی ئەدرەعی، ثابیت بە یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی لقی سەربازی حەماس دادەنرێت و هاوکات لە یەحیا سەنوەر و محەمەد ئەلزەیف و مەروان عیسا نزیکە.

 تا ئێستا حەماس ئەم ڕاگەیاندنەی سوپای ئیسرائیلی نە پشتڕاست کردووەتەوە و نە ڕەتیشی کردووەتەوە.

 ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە هات کە سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە هێرشێکدا مەروان عیسا، فەرماندەی حەماسی لە غەززە کوشتووە.

وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل، مەروان عیسای بە "پیاوی ژمارە 3ی حەماس" وەسفی کردووە و ڕایگەیاندووە، یەکێکە لە داڕێژەرانی پشت هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر خاکی ئیسرائیل.

 ئەم وتەبێژە زیادی کرد کە لەم هێرشەدا فەرماندەیەکی دیکەی حەماس بە ناوی غازی ئەبو تەعمە کە فەرماندەی کەتیبەی ئۆردوگاکانی دێر ئەلبەلحی حەماس بووە و لەم دواییانەدا بەرپرسی کەرەستەی سەربازی و پێداویستی جەنگی ئەم گرووپە بووە، کوژراوە.

 لە لایەکی دیکەوە عیزەت ئەلڕەشق، یەکێک لە فەرماندەکانی بزووتنەوەی حەماس، وتی: ڕاگەیاندنی ئیسرائیل سەبارەت بە تیرۆرکردنی مەروان عیسا تەنیا هەوڵێکە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی نەتانیاهۆ بووەتەوە، حەماسیش متمانەی بە قسەکانی ئیسرائیل نییە.

 عیسا لە لیستی داواکراوانی ئیسرائیلدا سێیەم کەسی داواکراوی ئیسرائیلە، دوای محەممەد ئەلزەیف، فەرماندەی کەتیبەکانی ئەلقەسام و یەحیا سنوار، سەرۆکی حەماس لە غەززە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP