هەرێم نیوز
لە ئەرجەنتین دوای زیاتر لە سێ دەیە لە هێرشە کوشندەکانی سەر باڵوێزخانەی ئیسرائیل و ناوەندی جوولەکەکانی "ئامیا" لە پایتەختی ئەرجەنتین، دادگایەک لەم وڵاتە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە "حکومەتی تیرۆریستی" و بەرپرسی ئەو هێرشانە ناساند.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئەم دادگایە لە ئەرجەنتین ڕۆژی پێنجشەممە، تارانی بە بەرپرسیار لە دەرکردنی فەرمانی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و ناوەندی جولەکەکانی "ئامیا" لە بۆینس ئایرێس ڕاگەیاند و تەقینەوەکەی ناوەندی ئامیا بە "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" ناوبرد.
باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەرجەنتین لە کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی 1992 بووە ئامانجی هێرشێکی خۆکوژی و بەهۆیەوە 29 کەس کوژران و زیاتر لە 200 کەسیش برینداربوون.
دوای کەمتر لە سێ ساڵ، تەقینەوەی بارهەڵگرێکی تەقەمەنی لە تەنیشت بینای "ئامیا" کە ناوەندی چالاکیی جولەکەکانە لە بۆینس ئایرێس، بووە هۆی کوژرانی 85 کەس و برینداربوونی نزیکەی 300 کەس و بینا حەوت نهۆمییەکەی تەفروتوونا کرد. ژمارەیەکی زۆر لە کوژراو و بریندارەکان هاووڵاتی ئەرجەنتینیی غەیرە جولەکە بوون.
دادگای ئەرجەنتین ئەم هێرشانەی بە "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" ناوبردووە و "حیزبوڵا"ی لوبنان کە سوود لە پشتیوانی ڕاستەوخۆی تاران وەردەگرێت، وەک یەکێک لە هێزە هاوبەشەکانی ئەم هێرشانە ناوبردووە.