دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

ئیسرائیل: ئێران ناچار دەکەین باجی هێرشەکەی بدات

هەرێم نیوز

بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئێران ناچار دەکات باجی هێرشی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکەی لە کاتی گونجاودا بدات.

 گانتز لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردووەتەوە: هاوپەیمانییەکی ناوچەیی دروست دەکەین و ئێران ناچار دەکەین باجی هێرشەکەی بە شێواز و کاتی دروست بدات.

 ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕوونی جیهان شان بە شانی ئیسرائیل لە دژی ئەم مەترسییە وەستاوە و ئەمەش دەستکەوتێکی ستراتیژییە کە دەبێت لە پێناو ئاسایشی ئیسرائیلدا بەهێزی بکەین.

 هاوکات بڕیار بوو کابینەی جەنگی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەک بۆ پێداچوونەوە بە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران ئەنجام بدات.

 لە بەرامبەردا ئێران، هۆشداری بە ئیسرائیل و ئەمریکا داوە کە ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر ئەوا کردەوەی "زۆر گەورەتر" ئەنجام دەدەن.

لەکاتێکدا ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە بە دوای شەڕ لەگەڵ ئێران ناگەڕێن، بەڵام درێغیش ناکات لە پاراستنی هێزەکانی لە ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل.

ئێران دەڵێت ئەو هێرشە لە وەڵامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بووە کە کردبوویە سەر کونسوڵخانەکەی لە سوریا، تێیدا حەوت لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران کوژران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP