دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

ئایا ئیسرائیل هێرشی ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر ئێران؟

هەرێم نیوز

ئێران بۆ یەکەمجار و دوای 45 ساڵ هەڕەشەی بەردەوام لە ئیسرائیل و درووشمی"ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی دەسڕینەوە" دواجار بەناچاری بۆ پاراستنی ناوی خۆی هێرشی کردەسەر ئیسرائیل، هێرشێک کە لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە بەهێز و بەواقعیش لاواز دەرکەوت، ئەمە لەچاو ئەو ئەو هێرشانەی ئیسرائیل دەیکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران.

ئیسرائیل هێرشی کردبووە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا، تێیدا 7 ئەفسەر و فەرماندەی باڵای ئێرانی کوشت، ئێرانیش ئەم هێرشەی بۆ تۆڵەکردنەوە لەو هێرشە کرد، بەڵام نە ئەفسەر و پلەدار نە هیچ سەربازێکی ئیسرائیلیشی بریندار نەکرد.

هانۆچ میلڤیدسکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل رایگەیاند، کۆدەنگییەک لە حکومەتی ئیسرائیلدا هەیە کە دەبێت وەڵامی هێرشەکەی ئێران بدرێتەوە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ژمارەی زۆری فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ڕێگری کراو ڕایگەیاند: ئێمە پێشتر دەمانزانی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکانە دێن.  "چاوەڕوانی زۆر هەبوو، زۆر دڵخۆشین کە بەم شێوەیە کۆتایی هات".

وتیشی، پێموانییە بەڕاستی کەسێک لە حکومەتدا هەبێت کە نەیەوێت کردەوەی تۆڵەسەندنەوە ئەنجام بدرێت و ئیسرائیل پێویستە هێرشبکاتە سەر ئێران،
 دوای ئەوەی سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تەقێنراون.

ئەگەرچی ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتان داوای ڕاگرتنی گرژییەکان دەکەن، بەڵام ئەو وتی،  بێگومان ئێمە لەگەڵ هەموو هاوڕێکانمان لە جیهاندا ڕاوێژ دەکەین، بەڵام لە کۆتاییدا دوا وشە دەبێت لەگەڵمان بێت.

ئیسرائیل دەڵێت زۆربەی ئەو زیاتر لە 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەی کە شەوی ڕابردوو لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی کراون، ڕێگرییان کردووە.

 لانیکەم 9 وڵات بەشدارییان لە هێرشە بێفڕۆکەوان و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەیان کرد.

موشەکەکان لە ئێران، عێراق، سوریا و یەمەن ئاراستەی ئیسرائیل کران.  ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئوردن یارمەتی ئیسرائیلیان دا بۆ ڕێگریکردن و خستنەخوارەوەی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکانە.

ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی خۆی گەیشتووە و هیچ نیازێکی نییە بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکە.

بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئێران ناچار دەکات باجی هێرشی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکەی لە کاتی گونجاودا بدات.

سەرکردەکانی جیهان داوای خۆگرتنیان لە هەردوولا کردووە و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە، باوەڕی بەوە نییە هێرشەکەی ئێران بگۆڕێت بۆ شەڕێکی فراوانتر.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە 72 کاتژمێر پێش ئێستا دراوسێکانی خۆی لە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی سەر ئیسرائیل ئاگادار کردۆتەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بە گشتی 12 کەس لە ئیسرائیل برینداربوون، کە کچێکی تەمەن 7 ساڵان کە تا ئێستاش لە چاودێری چڕدا ماوەتەوە.

ئەمریکا ئەگەرچی دژی بەردەوامی جەنگە، بەڵام لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە، دیسان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئیسرائیل.

پێش هێرشەکەش ئیسرائیل هۆشداری بەئێران دابوو کە ئەگەر لەناو خاکی هێرشی بکاتەسەر، ئەوا ئەوانیش هەر لە ناو خاکی ئێراندا وەڵامیان دەدەنەوە.

تاوەکو ئێستا ئەوەی زانراوە کۆدەنگی هەیە ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکانی ئێران بداتەوە، تەنها ئەوە ماوە ئایا ئەمریکا و وڵاتان فشارەکانیان بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل سەردەگرێت؟ ‌ئەگەر فشاری ئەمریکا و وڵاتانی جیهان بۆ ئیسرائیل سەبارەت بە ڕاگرتنی جەنگ لە غەززە بەپێوەر وەربگرین، ئەوا پێناچێت وەڵامی ئەو پرسیارەش بە "بەڵێ" بێت.

بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حزبوڵڵاش، دیسان هۆکارێکە بۆئەوەی ئیسرائیل بیر لەوە بکاتەوە درێژە بەجەنگەکە نەدات و بەرەکە لە خۆی فراوانتر نەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP