دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

کابینەی جەنگی ئیسرائیل بڕیاریدا هەنگاوی تۆڵەسەندنەوە لە دژی ئێران بگرێتەبەر

هەرێم نیوز

کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە زۆرینەی ئەندامانی کابینەی جەنگی ئەم وڵاتە بڕیاری تۆڵەسەندنەوەیان لە بەرامبەر هێرشی بەرفراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کۆماری ئیسلامی ئێران داوە. بەڵام دەوترێت هێشتا جیاوازی بۆچوون هەیە سەبارەت بە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە و قەبارەکەی.

 ڕۆژێک دوای هێرشە بەرفراوانەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کۆماری ئیسلامی ئێران، کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند، کابینەی جەنگی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە، بڕیاری تۆڵەسەندنەوەیان داوە، بەڵام ئەوان ناکۆکن لەسەر کاتی و قەبارەی وەڵامدانەوەی لەو جۆرە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کابینەی پێنج کەسی، کە ناتانیاهۆ، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری و بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگ دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە، ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەتەوە و بڕیارە جارێکی دیکە بۆ گفتوگۆی زیاتر کۆببنەوە.

 بەگوێرەی ڕۆژنامەی "تەلەگراف"، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل پلانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران داناوە.  پلانەکان لە کۆبوونەوەی کابینەی جەنگدا پەسەند کراون، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا ئیسرائیل بەنیازە دەستبەجێ هێرشەکە ئەنجام بدات، چونکە ڕۆژئاوا داوای لە ئیسرائیل کردووە خۆی بگرێت.

دانیال هاگاری لە بەیاننامەیەکدا بۆ میدیاکان وتی: لە ماوەی دوو کاتژمێری ڕابردوودا پلانی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ کردەی هێرشبەری و بەرگری پەسەند کردووە.

 ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە بەردەوام دەبین لە پاراستنی وڵاتی ئیسرائیل و بە هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەردەوام دەبین لە بنیاتنانی ئایندەیەکی سەلامەتتر و سەقامگیرتر بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP