دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

ئیسرائیل دەیەوێت وەڵامی ئێران بداتەوە و ئەمریکا رازیی نییە

هەرێم نیوز

کۆشکی سپی هۆشداریی داوەتە ئیسرائیل لەوەی بەشداریی هیچ هێرشێکی تۆڵەکردنەوە لە ئێران ناکات. لە کاتێکدا کابینەی جەنگیی ئیسرائیل لەسەر ئەو پرسە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە.

حکوومەتی بنیامین ناتانیاهۆ کەوتووەتە ژێر فشاری ڕاستڕەوەکان بۆ جێبەجێکردنی "وەڵامێکی گەورە" و هیوادارە لە تەلئەڤیڤ هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بنیات بنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاران، لە کاتێکدا واشنتن هەوڵی ڕێگریی لە کاردانەوەی ئیسرائیل دەکات.  ئیدارەی ئەمەریکا و جۆو بایدن دەڵێن  پێویست ناکات وەڵامی هێرشەکەی ئێران بدرێتەوە و ئاڵۆزییەکان زیاتر بێت.

دوێنێ یەکشەممە، کەناڵی "سی ئێن ئێن و وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویان کردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ناتانیاهۆی ئاگادارکردووەتەوە کە "ئەمەریکا بەشداری لە هیچ هێرشێکی ئیسرائیلدا ناکات لە وەڵامی هێرشەکانی ئێراندا".

هاوکات جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دوای هێرشەکان چەندین جار جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی زۆر بە روونی بە ئیسرائیلی گوتووە رێگە لە فراوانبوونی جەنگ بگرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی شەممە ئێران زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە زۆربەی زۆریان لەلایەن سیستمی دژە مووشەکیی ئیسرائیل و ئەمریکاوە خرانەخوارەوە پێش ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن.

هێرشەکە دوای ئەوە بوو، لە سەرەتای ئەم مانگە بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، حەوت ئەندامی سوپای پاسداران کوژران، کە بەشێکیان فەرماندەی دیار بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP