هەرێم نیوز
دوای هێرشە فراوانەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دڵنیایی دەدات لە ئارامی دۆخی هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت هەرێمی کوردستان لایەنگری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ناکات.
پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان ئارامە و هیچ کێشەیەکی نییە."
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لەسەر ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "حکومەتی هەرێم هیچ کاتێک لایەنگری هیچ شەڕ و ئاڵۆزییەک نییە لە ناوچەکەدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان هەمیشە قوربانی شەڕ و ئەو ململانێیانە بووە کە لە ناوچەکەدا ڕوویان داوە، بۆیە ئێمە داوای ئاشتی دەکەین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک شەڕ و ململانێ."
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی 13ی مانگی چوار، ئێران لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل. هێرشەکە کاردانەوەی ئێران بوو بۆ هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە ڕۆژی 1ی4ی2024، لە دیمەشق کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی بەلایەنی کەمەوە 7 کەس کە لە نێوانیان 3 فەرماندەی باڵای پاسداران هەن.