دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر موچە و هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان

هەرێم نیوز

کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بایدن باسی مووچە و هەڵبژاردنەکانی کرد.

هەر لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی سوودانی و جۆ بایدن دا هاتووە:  سەرۆکی ئەمەریکا پێزانینی خۆیی بۆ ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیداڵی سەبارەت بە چارەکردنی کێشەکانی مووچە و دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕبووە.

هەروەها جۆ بایدن و سودانی ڕوانینی خۆیان لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی سەرەکیی سەقامگیری و گەشانەوەی عێراق خستەڕوو.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بایدن پشتیوانیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی لە عێراق لەنێویاندا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و شەفافانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە؛ هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە تێکشکاندنی داعش بینیوە و شکست هێنان بە داعش وەک فاکتەرێکی سەرەکی دەستەبەرکردنی ئاسایشی عێراقیان ناوبردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق 13ی ئەم مانگە لە سەر بانگهێشت نامەی فەرمیی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەرەو واشنتن بەڕێ کەوت کە شاندێکی حکوومەتیی و پەرلەمان و نوێنەرانیی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت یاوەری دەکات. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP