دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 2 هەفتە

عێراق تێوەگلاوە لە هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل

هەرێم نیوز

عێراق تێوەگلاوە لە هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل و سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە، وڵاتەکەی بەشێک بووبێت لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دەڵێت، “لەو بارەیەوە هیچ زانیاری و ڕاپۆرتێک بوونی نییە”. و عەمار حەکیمیش دەڵێت ئێران لە خاکی خۆیەوە هێرشەکەی ئەنجامداوە.

لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین دۆسیەی هەستیار و هەنووکەیی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقی لەگەڵ جۆو بایدن و ئیدارەکەی خستە بەر باس.

لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ سی ئێن ئێن؛ سوودانی سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "رێگەنادەین هیچ گرووپێکی چەکدار کرداری شەڕخوازانە دژی بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجامبدەن. گرووپەکان و کەسایەتییەکان ناڕەزایەتی سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەمەریکا بەرامبەر هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەردەبڕن، بەڵام قبووڵ ناکەن هیچ گروپێک عێراق راکێشێتە شەڕێکی ناوچەییەوە".

جەختی لەوەکردەوە، هەڵوێستی ئێمە ڕوونە کە ڕێگە نادەین عێراق بخرێتە گۆڕەپانی ململانێکانەوە.

هاوکات، لەمیانەى پیشکەشکردنى وتارێک لە دیدارى سلێمانى، عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە ئاماژەى بەوە کرد "لەگەڵ ئەوەدا نیین خاکى عێراق بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان".وتیشی: ئێران لە خاکى خۆیەوە هێرشیکردووەتە سەر ئیسرائیل.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ئێران لە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆیدا زیاتر لە 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی دامەزراوەکانی ئیسرائیلی لە ناوچە داگیرکراوەکان کرد، و لە دوای هێرشەکە، ڕاگەیەندراوە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پشتڕاستیان کردەوە کە هەندێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک لە عێراقەوە هەڵدراون، ئەمەش مشتومڕی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا لە ترسی دروستبوونی نا سەقامگیری لە ناوچەکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP