دواین هەواڵ

جیهان‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەردۆغان: مانگی سووری تورکی هەر لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە تەنیشت خەڵکی غەززە وەستاوە

هەرێم نیوز 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، مانگی سووری تورکیا لە دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە تەنیشت فەلەستینییەکان لە غەززە وەستاوە.

ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی گشتی مانگی سووری تورکیا لە ئەنقەرە جەختی لەوە کردەوە، ئەو ڕێکخراوە لەم قۆناغە سەختەدا هەرگیز گەلی غەززەی بە تەنیا نەهێشتۆتەوە.

ئەردۆغان وتی: مانگی سوور کە کۆنترین ڕێکخراوی ناحکومییە لە وڵاتەکەماندا، ئەمڕۆش لە هەر شوێنێک پێویست بێت، بەردەوامە لە ئامادەبوون.

ئەردۆغان ڕایگەیاند، مانگی سووری تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری وڵات (ئافاد) ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە کەمکردنەوەی قەیرانی مرۆیی لە غەززە بە ناردنی کەشتی پڕ لە خۆراک و کەرەستەی پاکوخاوێنی و شوێنی حەوانەوە و دەرمان و پێداویستی پزیشکی.

 ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە هاوکارییەکانی دیکە، ڕۆژانە ژەمی گەرم بۆ ١٥ هەزار کەس لە غەززە دابەشدەکرێت.

 سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان مانگی سووری تورکیا لە هێڵەکانی پێشەوە نەک تەنها لە سنوورەکانی وڵات بەڵکو لە هەموو ناوچە قەیراناوییەکاندا دەبینن، ئاماژەی بەوەشکرد، مانگی سووری تورکیا دەستی هاوکاری تورکیای درێژکردووەتەوە بۆ ئەو کەسانەی لە فەلەستین، سوریا، سۆماڵ، ئەفغانستان، بۆسنە و هەرزەگۆڤینا، عێراق و زۆر شوێنی دیکە زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شەڕەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، زیاتر لە ٥٢ هەزار و ٥٠٠ فەلەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لە غەززە لە هێرشی ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە کوژراون.

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە مانگی نۆڤەمبەردا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ و یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری پێشووی وڵاتەکەی بە تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە دەرکرد.

 هەروەها ئیسرائیل لە دادگای نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی دۆسیەی جینۆساید دەبێتەوە بەهۆی شەڕی دژی ئەو ناوچەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP