دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

فریدریك مێرتز لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەكەیەوە بە (راوێژكار)ی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا

هەرێم نیوز 

لە گەڕی دووەمی دەنگداندا، فریدریك مێرتز لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەكەیەوە بە (راوێژكار)ی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا.

مێرتز  كە رێبەری یەكێتیی دیموكراتی مەسیحییە، لە گەڕی یەكەمدا شكستی هێنا لە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاگ)، لەم گەڕەدا 310 دەنگی بەدەستهێنا، 6 دەنگی كەمتر بوو بۆ ئەوەی راستەوخۆ ببێت بە راوێژكاری ئەڵمانیا. 
ئەم شكستە لە گەری یەكەمدا نسكۆ بوو بۆ مێرتز، چونكە ئەمە جاری یەكەم بوو لە مێژووی كۆماری ئەڵمانیادا كە كاندیدی پۆستی راوێژكاری وڵات شكست بهێنێت لە كۆكردنەوەی زۆرینەی دەنگی پەرلەمان. بەهۆی ئەم شكستەوە، دانیشتنی پەرلەمان هەڵگیرا بۆ ئەوەی پارتە سیاسییەكان لەنێوان خۆیاندا گفتوگۆ بكەن سەبارەت بە هەڵوێستی دواتریان. 

مێرتز كە پێشتر ركاربەری ئەنجێلا مێركڵ بوو، لە سەرەتاكانی 2022وە سەرۆكایەتی یەكێتیی دیموكراتی مەسیحی دەكات، لە ئەیلولی هەمان ساڵەوە كاندید كرا بۆ پۆستی راوێژكاری ئەڵمانیا.  

مێرتز لەمێژە هەوڵی ئەوە دەدات كە پاڵ بە پارەتەكەیەوە بنێت بە ئاڕاستەی سیاسەتێكی كۆنەپارێز، ئەم پیاوە سەرەنجی لەسەر پرسی سنورداركردنی كۆچی نایاساییە، كە ئەمەش مشتومڕێكی زۆری دروستكردووە.

مانگی یەكی ئەمساڵ، مێرتز پێشنیاری ئەوەی كرد بنەماكانی كۆچكردن توند بكرێنەوە، لەوانەش چاودێریی سنورو زیادكردنی پرۆسەی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران، ئەمە سەرباری ئەو رەخنانەی كە ئاڕاستەی كران سەبارەت بەوەی ئەم رێوشوێنانە پێچەوانە دێنەوە لەگەڵ یاساكانی پەنابەرێتیی لە ئەڵمانیاو ئەوروپا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP