هەرێم نیوز
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لە هەندێک ناوچەی هەرێم پلەی گەرمی تا ٤٠ پلە بەرز ببێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند: "لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پەستانی بەرگەھەوا لە رۆژانی داھاتوودا کەش و ھەوای ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە سەقامگیری ئەمێنێتەوە وە لە ئەنجامی دووبارە ھاتنی بارستە ھەوایەکی گەرم کە سەرچاوەکەی باکوری ئەفریقایە کاریگەری بۆ سەر ناوچەکانمان لە سبەی پێنجشەمەوە پلەکانی گەرما پلە پلە ڕوو لەبەرزبوونەوەی زیاتر دەکات".
دووپاتی کردەوە: "سەرەتای ھەفتەی داھاتووش رۆژی شەمە 10ی نیسان تا رۆژی دووشەممە 12ی نیسان کاریگەری شەپۆلی گەرماکە زیاتر ئەبێت و پێشبینی ئەکرێت بەرزترین پلەی گەرمی لەو چەند رۆژەدا لەسەنتەری پارێزگای سلێمانی بۆ 32 تا 33 پلەی سەدی بەرزببێتەوە".
ئاشکراشیکرد: " لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و ھەڵەبجەش 35 تا 36 پلە ، لەسەنتەری پارێزگای کەرکوک 36تا 38 پلە و ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان 37 پلە و باشوری گەرمیان 39 تا 40 پلە ".
ڕوونیکردەوە: "لەرۆژی سێشەمەوە 13ی نیسان کاریگەری ئەو گەرمایە کەمدەبێتەوە و بارستە ھەوایەکی فێنک کە سەرچاوەکەی باکوری ئەوروپایە روودەکاتەوە ناوچەکانی دەریای ناوەراست و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بەھۆیەوە دووبارە کەش و بەرگەھەوای ھەوای ناوچەکە ناجێگیر ئەبێتەوە و ئاراستە باکانی رۆژئاواو باشوری رۆژئاوا چالاک ئەبنەوە کە ئەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵی بیابانەکانی رۆژئاوای عێراق و سوریا کاریگەریەکانی ئەگاتەوە سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان".
لەبارەی بارانبارینیش لەم ماوەیەدا دووپاتیکردەوە: "ھەر لەو ماوەیەشدا ئەگەری بارانبارینێکی کەم و ھەورە بروسکە لەشوێن و ناوچەی جیاجیادا ئەبێت بەتایبەت ناوچە شاخاویەکانی باکوری ھەرێم ، کاریگەری ئەم حاڵەتەش تا 17ی ئەم مانگە بەردەوامی ئەبێت".