هەرێم نیوز
پاسەوانی سنوور لە شارباژێڕی سنووری سلێمانی، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە تەقەیان لە باوک و کوڕێک کرد، کوڕەکە گیانی لە دەستداوە و باوکەکەش بریندارە.
بەوتەى کەسوکارى ئەو کوڕو باوکە رووداوەکە کاتژمێر 5:30ـی خولەکی بەیانی بووە، باوکێک و کوڕەکەی بە ناوەکانی ئاوات ئیسماعیل و ئارێز ئاوات ئیسماعیل لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە تەقەیان لێکرا.
یەکێک لە کەسوکارەکانى ئەو پیاوە دەڵێت لەکاتى گواستنەوەى بارێکدا پاسەوانى سنور تەقەیان کردووە، لەکاتێکدا باری فەرمیان پێبووە ئەو باوک و کوڕە و ویستوویانە بیبەنە ئێران، بارەکەش گومرگ کراوە و ئاسایش ئاگادارەو بەقاچاخ نەبراوە، بەڵام لە گوندی سوورەبان، لە سنووری شارباژێر تەقەیان لێکراوە، بە هۆیەوە کوڕەکە کوژراوە و باوکەکەشی بریندار بووە."
بەپێى زانیاریەکان لەلایەن ئاسایشەوە ئەو دووکەسەى کە تەقەیان کردووە دەستبەسەر کراون، پاسەوانی سنوورن.
ئەو بنەماڵەیە خەڵکی گوندی کانی گوێزن. باوکەکە لە دایکبووی 1982ـە و دوای بریندارکردنی گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، کوڕەکەشی کە تەمەنی 17 ساڵە، تەرمەکەی براوەتە دادپزیشکیی سلێمانی.
تۆمەتبار سەرەتا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا، دواتر رادەستی پۆلیس کراوەو ئێستا پۆلیسی سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.