شوان ئه‌حمه‌د
سادق هیدایه‌ت، ناوێكی دیار و دره‌وشاوه‌ی ئه‌ده‌بیاتی فارسیه. ئه‌گه‌رچی وه‌ك فرانتس كافكا و ئەلبێر كامۆ زۆر نەژیا، به‌ڵام له‌و ته‌مه‌نە کەمەیدا گه‌لێك به‌رهه‌می قوڵ و به پێزی نوسی. كارێك كه وایكرد نه‌ك هه‌ر له سه‌ر ئاستی ئێران و خۆرهه‌ڵات، به‌ڵكو تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش بناسرێت.
هیدایه‌ت به دوو شت ناوبانگی زۆری په‌یداكرد، جارێك به به‌رهه‌مه وجودیه قوڵ و پڕ مانا و ته‌لیسماویەكانی، جارێكی دیكه‌ش به خۆكوشتنه‌كه‌ی كه له ساڵی 1951دابوو له پاریس.
ئاشکرایە ئه‌وانه‌ی مه‌رگی ئاسایی نامرن و به شێوه‌یه‌كی تراژیدی كۆتایی به ژیانی خۆیان دێنن، پرسیارگه‌لێكی زۆر له دوای خۆیان جێ‌دێڵن. سه‌روه‌ختێك هیدایه‌ت له‌و ته‌مه‌نه کورتە له پڕێكدا خۆی ده‌كوژێت، ئیدی خه‌ڵكانێكی زۆر ده‌كه‌ونه بایه‌خ پێدانی و كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی و هه‌ڵسه‌نگاندنیان.
ئەڵبەت کەس دەستوبرد بڕیاری خۆکوشتن نادات، ئەوە ماوەیەکی دەوێت. هەندێ کەسیش هەن خۆکوشتن لە جیناتیاندایەو بەشێکە لە قەدەر و چارەنووسیان و ناتوانن لێی هەڵبێن. هیدایەت لەم نەسل و لەم تایپە بوو.
ئەم ئەدیبە هەست ناسکەی هه‌موومان له‌ڕێی (زینده به‌گۆڕ و کوندەپەپووی كوێر و سێ دڵۆپ خوێن و .... هتد) ده‌یناسین، له 17 شوباتی1903 له تارانی پایته‌ختی ئێران و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئۆرستۆكرات دێته دنیاوه. ئه‌وه‌ی لێیدەه‌گێڕنه‌وه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و هه‌ر له منداڵییه‌وه، له ژیانی ئۆرستۆكراتی بێزاربووه و هیواخوازبووه زوو له‌و ژینگه‌یه دووركه‌وێته‌وه و هه‌رگیز نه‌یویستووه له ڕێی بنه‌ماڵەکە‌یه‌وه، ببێته خاوه‌ن پله‌وپایه و سه‌روه‌ت و سامان.
ساڵی 1925 له تاران له قوتابخانه‌یه‌كی فه‌ره‌نسیدا خوێندنی ئاماده‌یی ته‌واو ده‌كات، دوای ئه‌وه خێزانه‌كه‌ی ده‌ینێرنه به‌لجیكا تا ببێته ئه‌ندازیار. لێ پاش ساڵێك له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا ده‌چنه پاریس، بۆ خوێندنی ئه‌ندازیاری ته‌لارسازی. کەچی هه‌ر زوو دەزانێت، ئه‌ندازیاری و حه‌ز و خولیاكانی ئه‌و دوو دنیای جیاوازن، بۆیه خوێندنی باڵا ته‌واو ناکات و وازدێنێت. دوای ئه‌وه خوو ده‌داته خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات و زانستی زمان و مێژووی هونه‌ره‌كان.
دوای نوسینی چه‌ند تێكستێكی ئه‌ده‌بی قوڵ و دانسقه، به خۆكوشتن كۆتایی به ژیانی خۆی دێنێت. ئه‌و هه‌ستی خۆكوژیه به درێژای ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵیدا بووه. ئه‌وه‌تا ساڵی 1928 نامه‌یه‌ك بۆ براكه‌ی ده‌نوسێت و ده‌ڵێت: (كارێكی شێتانه‌م كرد، به‌ڵام باشبوو به سه‌لامه‌تی تێپه‌ڕی). که‌چی دواتر ئه‌و هه‌وڵه‌ی پاریسی، ژیانی كۆتایی پێدێنێ و ئه‌مجاره‌یان سه‌لامه‌ت تێناپه‌ڕێ.
هیدایه‌ت یه‌كێكبووه له‌وانه‌ی، فۆبیای پیربونی هه‌بووه و له پیربوون تۆقیووە. ئه‌و هه‌میشه پێیوابووە: (مرۆڤ نابێت له په‌نجا ساڵ زیاتر بژی، چونكه ژیان له سه‌روی ئه‌و ته‌مه‌نه‌وه شتێكی قۆڕ و بێمانایە).