هەرێم نیوز
ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە شاری كەركووك نەماوە و ئەو تووشبووەی كە لە نەخۆشخانە بوو، دوای وەرگرتنی چارەسەریی پێویست، چاكبووەتەوە و ڕەوانەی ماڵەوە كراوە، هاوكات ئەنجامی پشكنینی حاڵەتێكی گوماناوی پاك دەرچووە.
فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک لە ڕاگەیێنراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، ئەومنداڵە تەمەن 9 ساڵەی دوێنی بەگومانی تای خوێنبەربوون پشکنینی بۆکرا، ئەمڕۆ هەینی ئەنجامەکەی گەڕایەوە دەرکەوت تووشی هیچ نەخۆشییەک نەبووە و پشکنیەکەی پاک دەرچووە، بەمەش ئێستا شاری كەركووك هیچ تووشبوویێکی بە تای خوێنبەربوون لێ نەماوە و لە نەخۆشییەكە پاكبووەتەوە.
فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك داوا لە هاوڵاتییان دەكات پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی و هۆشیاری بن، پشت بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و فەرمی ببەستن بۆ وەرگرتنی زانیاری، هەروەها دووربكەونەوە لەو سۆشیال میدیا و دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە هەواڵی نادروست بڵاودەکەنەوە.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە، سەرئێشە و خوێنبەربوونی ژێر پێست، بە نەخۆشییەكی كوشندە هەژماردەكرێت و تا ئێستا چەندین کەسیش بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە.