هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بوونی هەر چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان رەتدەكەینەوە و کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانمان لە رێی نەخشە رێگایەکی یاسایی و سیاسی و ئەمنییەوە، دەشڵێت، عێراق هیچ نیازێکی نییە دان بە ئیسرائیلدا بنێت یان پەیمانی ئاشتی لەگەڵدا واژۆ بکات.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی "سکای نیوز عەرەبیە رایگەیاند، حکومەتەکەی پابەندە بە سەپاندنی پرەنسیپی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و رەتکردنەوەی هەر چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان.
جەختیشی لەوەشکرد، ئەم ئاڕاستەیە بە یەكێك لە پایە بنەڕەتیەكانی بەهێزکردنی شکۆ و سەقامگیری دەوڵەت دادەنرێت.
سودانی، وتی: دووانەی چەک لەگەڵ چەمکی دەوڵەتدا ناگونجێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی دوو دەیە روبەروی تیرۆر بووینەوە، ئەمڕۆش کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانمان، لە رێی نەخشە رێگایەکی یاسایی و سیاسی و ئەمنییەوە، کە ئامانج لێی سنوردارکردنی چەکە تەنها لە دەستی دەوڵەتدا.
سودانی مشتومڕەکانيشی لەبارەی هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل یەکلایی کردەوە و لەوبارەیەوە وتی: عێراق هیچ نیازێکی نییە دان بە ئیسرائیلدا بنێت یان پەیمانی ئاشتی لەگەڵدا واژۆ بکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە پابەندبونی وڵاتەکەی بە هەڵوێستی جێگیری عەرەبی سەبارەت بە پرسی فەلەستین کردەوە، وێڕای ئەوەی مەسەلەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل، لە عێراق بە یاسا قەدەغەكراوەو بە تاوانناسێنراوە.