دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

کوردستان و قەتەر دوو هاوبەشى ستراتیژیین هەنگاو بەرەو داهاتوویەکى پرشنگدار دەنێن

هەرێم نیوز 

پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و قەتەر لەم ساڵانەى دواییدا پێشکەوتنى زۆری بەخۆیەوە بینیوە، کە پەیوەندیی بە دونیابینى هاوبەشى نێوان هەردوولاوە هەیە، کە هەردوولا خوازیاری هاوکارییە سیاسی و ئابووری و وەبەرهێنانن، بۆ ئەو مەبەستە واچاوەڕێدەکرێت نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمى کوردستان لەمانگی کانوونى یەکەمى داهاتوودا، لەسەر داواى بەڕێز شێخ محەمەد عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران و وەزیری درەوەى بەمەبەستى بەشداریکردنی کوردستان لە دیداری دۆحەدا سەردانى قەتەر بکات.

بەگوێرەى سەرچاوەکان لەبەر ئەوەى قەتەر یەکێکە لە وڵاتە کاریگەرەکانى ناوچەکە و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش کاریگەریی زۆری هەیە، و هەرێمى کوردستانیش خوازیارى هەنگاوێکى نوێیە و دەیەوێت لەگەڵ کۆمپانیاى نوێدا هاوبەشى و کرانەوەى زیاتری هەبێت بەشداریکردنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئاسۆیەکی دیکە بەڕووى داهاتووى کورستاندا دەکاتەوە.

پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و قەتەر لە سەردەمی سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانیدا هەنگاوی گەورەى ناوە بەتایبەتى لە رووى دبلۆماسیەت و ئابووری دوولایەنەوە، چەندین دیداری هاوبەش لەنێوان بەرپرسانى هەردوولادا هەبووە، ئەوەش بووەتە هۆی دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان هەردوولا و بەرهەمی زۆرباشى بۆ هەردوولا هەبووە و هاوکارییە دولایەنەکانى بۆ ماوەیەکی زۆر درێژکردووەتەوە.

لەبارەى پێزانینى سەرۆک بارزانیشەوە بۆ ئەو بانگهێشتەى وڵاتى قەتەر جەختى کردووەتەوەکە وڵاتى قەتەر پێگەیەکی هەرێمایەتى و  نێودەوڵەتى گرنگی هەیە، ئێمە وایدەبینین کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بۆ هەرێمى کوردستان سوودێکى زۆرى دەبێت و بوژانەوەى زۆری بۆ هەرێم و بگرە ناوچەکەش دەبێت، هەروەها سەید حسێن بن عەلى کۆنسوڵی گشتى قەتەر لە هەولێر رایگەیاند ئێمە پابەندین بەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و قەتەر بەرەو پێشەوە ببەین، ئێمە هەست دەکەین هەلێکى گەورەمان لەبەردەستدایە لە هەموو کەرتەکاندا بۆ ئەوەى وەبەرهێنانى هاوبەشى تێدا بکەین.

وا چاوەڕێدەکرێت لەسەردانەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا بۆ قەتەر لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا لێکتێگەیشتن و رێککەوتن و گرێبەستى دوولایەنە واژۆبکرێت ، بەتایبەتى لە دواى ئەوەى کە هەرێمى کوردستان خاوەنى ئاسایش و ئارامییەکى زۆرە و تواناى وەبەرهێنان تێیدا زۆر بەرزە و ئەوەش وەبەرهێنەران هاندەدات سەرمایەکانیان لێرە بخەنەگەڕ، هەروەها هەردوولا کۆکن لەسەر هاوکاریکردنى یەکتریی بەتایبەتى لەبوارى غازدا چوون قەتەر بەیەکێک لە وەبەرهێنەرە هەرە سەرەکییەکانى جیهان لە بوارى غازدا دێتە ئەژمار، هەرێمى کوردستانیش خوازیاری ئەوەیە ئەزموونى ئەو ولاتە بگوازێتەوە بۆ کوردستان، هەروەها پەرە بە بوارى نەوت و پێکهاتەکانى بدات و لەوێوە وەبەرهێنانی تێدا بکات و هەرێمى کوردستان ببێتە کێلگەى کێبەرکێى نێوان کۆمپانیا قەتەرییەکان و خستنەگەڕی سەرمایەکانیان، بەگوێرەى سەرچاوەکان کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی قەتەریش خوازیارى ئەوەن لە کوردستان سەرمایەکانیان بخەنەگەڕ، بەتایبەتى لە بوارى بیناسازیی و خزمەتگوزاری لۆجستى لەو بوارانەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP