هەرێم نیوز
بەهۆی گۆڕانی کەشو هەوا و کەم بارانی، حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک و مار بە هاووڵاتییان زیادی كردووە.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت:: ئەمساڵ بەهۆی کەمی دابارین و وشکبوونی زەوییەکان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی، ڕێژەی مار و دووپشک لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش لە گوند و دەشت و ناوچە کشتوکاڵییەکان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیاتر بووە. لەپێناو سەلامەتی خۆتان و کەسوکارتان ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بکەن:
ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە ماڵەوە:
- هەوڵ بدە کون و کەلەبەرەکانی خانوو و حەوشەی ماڵەوەت یاخود شوێنی ئاژەڵان بەتەواوی دابخەیت تاوەکو خشۆکەکان نەتوانن بەئاسانی زاووزێ بکەن و تێیدا بمێننەوە.
- بۆ ئەو کەسانەی باخچەیان هەیە، هەوڵ بدەن گژوگیای زیادە قڕ بکەن و ڕێژەی ڕووتەنی خاکەکە زیاتر بێت، چونکە خشۆکەکان لەنێو گژوگیا زیاتر دەمێننەوە و لەوێ خۆیان حەشاد دەدەن.
- بۆ ئەو کەسانەی خانوو یاخود باخیان لە دەرەوەی شار هەیە، با دەوروبەری شوێنی مانەوەی ڕووناکیی پێویستی هەبێت.
- ئەگەر گومان دەکەیت ئەو ناوچەیەی کە لێی دەمێنیتەوە ژینگەیەکی لەبارە بۆ مار و دووپشک و خشۆکەکان، لەژێر ڕێنمایی کەسانی پسپۆر دەوروبەری ماڵەکەت دەرمانڕێژ بکە، بەڵام ئاگاداری منداڵ یان ئەو کەسانە بن کە هەستیارییان هەیە.
- لەکاتی کارکردن لەناو باخچە یان زەوی و زار، جلوبەرگ و پێڵاوی گونجاو لەبەر بکە و ئاگاداری هەنگاوەکانت بە لەکاتی ڕۆیشتن.
چی دەکەیت ئەگەر مار یان دووپشکت بینی؟
- هێمن بەرەوە و هەوڵ بدە بگەڕێیتە دواوە و وازی لێبێنیت، هەوڵی کوشتنی مەدە و لێیگەڕێ خۆی شوێنەکە جێدەهێڵێت.
- ئەگەر مار هاتە ناو ماڵەکەت یان، ئۆتۆمبێلەکەت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بە تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بکە (115).
هاوکات، حەمرین مینە، بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران رایگەیاند: ئەمساڵ بەهۆی گۆڕانی کەشو هەوا و کەم بارانی، حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک و مار بە هاووڵاتییان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران گوتیشی: لەماوەی کەمتر لە سێ مانگ 25 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و مار بە هاووڵاتییان تۆمارکراون، بەڵام هیچ حاڵەتێک مەترسیدارنەبووە، دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران چارەسەرکراون لەگەڵ ئەوەی پێویستە زیاتر لە 24کاتژمێر لەژێر چاودێری پزیشک بمێنەوە.