هەرێم نیوز
وەزارەتی کشتوکاڵ ١٣ ڕێکار و ڕێنمایی بۆ سەربڕینی قوربانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ڕێکارەکانیان لە پێناو ڕێگرتنە لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕێكار و ڕێنماییەكانی تایبەت بە سەربڕینی ئاژەڵی لە جەژنی قوربان بڵاوکردەوە و ڕاشیگەیاند، ئامانج لە ڕێکارەکان ڕێگرتنە لە تای خوێنبەربوون.
۱/بەمەبەستی ڕێگریكردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی نەخۆشی تای خوێن بەربوون، بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی قوربانیكردن بە شێوازێكی تەندروست، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان جەختدەكەینەوە پێویستە ئاژەڵەكان لە سەربڕخانەی فەرمی سەرببڕێن.
۲/لەڕۆژانی جەژنی قوربان سەربڕخانەكان كراوە بن بە ئامادەبوونی ستافی پزیشكی و كارمەندی ڤێتێرنەری .
۳/ناوی سەربڕخانە كراوەكان و كاتی كاركردن لە میدیاكان و یەكە ئیداریەكان ڕابگەیەنرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئاگاداربن و ئاژەڵەكانیان لەم سەربڕخانانە سەرببڕن.
٤/ جەختكردنەوە و توند و تۆڵكردنەوەی ڕێكارەكانی پشكنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی ئاژەڵ و پشكنینی گۆشتی بەرهەم هاتوو.
٥/ پەیڕەوكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی وە پاك و خاوێن ڕاگرتنی سەربڕخانەكان و دەوروبەری سەربڕخانەكان وە ڕشاندنیان بە دەرمانی تایبەت.
٦/پێویستە ئاژەڵەکە ساغ بێت و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی نەبێت و گەنە (قڕنە) و مشەخۆری دەرەکی لەسەر نەبێت
۷/هەر ئاژەڵێك دەرمانی چارەسەركردنی پێدرابێت نابێت ڕاستەوخۆ سەرببڕدرێت ، بەڵكو پێویستە كاتی سەڕبڕین دوای بەكارهێنانی دەرمان بە پێی ڕێنمایی پزیشكی ڤێتێرنەری و تایبەتمەندی دەرمانەكە بێت.
۸/پێویستە لەسەر خاوەن ئاژەڵ پێش فرۆشتنی ئاژەڵەكانی ( بۆ سەربڕین یان قوربانیكردن) بە ماوەی نزیكەی 3 هەفتە هیچ جۆرە دەرمانێك نەدات بە ئاژەڵەكان وە هۆڵی بەخێوكردنی ئاژەڵەكان بەدەرمانی تایبەت بڕشێنێت وە چارەسەری ئاژەڵە نەخۆشەكانی بكات.
۹/پێویسە لەسەر كەسی قوربانیكەر ( قەصاب و هاوڵاتی) بە گرتنەبەری گشت ڕێكارەكانی خۆپارێزی و پاك وخاوێنی لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ و گۆشت ئامادەكردن بەتایبەتی بەكارهێنانی دەست كێش جزمەو صدریە ….هتد, وە دووركەوتنەوەی هاووڵاتیان لە كۆبونەوە لەدەوروبەری ئاژەڵ لەكاتی سەربڕین. هەروەها شوشتن و تەعقیمكردنی شوێنی سەربڕین ، دەست و كەلوپەلەكان دوای بەكارهێنان و دەست دان لە گۆشت.
۱۰/بەكارهێنانی كیسی (نایلۆن) نوێ و ڕوون و بێ ڕەنگ لەكاتی دابەشكردنی گۆشت.
۱۱/لەكاتی گواستنەوەی گۆشت ڕەچاوی پلەی گەرمی گونجاو بكرێت.
۱۲/هەڵگرتنی گۆشت بۆماوەی 24 كاتژمێر لەساردكەرەوە، پاشان بەكاربهێنرێت.
۱۳/فڕێنەدانی پاشماوەی سەربڕین و ئاژەڵ لە سەر شەقام و كۆلان و بازارەكان ……..هتد.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
بەرێوەبەرایەتی گشتی سامانى ئاژەڵ و ڤێتێرنهرى
بەرێوەبەرایەتی تەندروستی ئاژەڵ