دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

رەفحاوییەکان کێن؟

هەرێم نیوز

لەسەرووبەندی راپەڕینە مەزنەکەى کوردستان لە ساڵی 1991 شیعەکانى باشوورى عێراقیش دەستیاندایە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى دەربڕین و راپەڕین، بەو مەبەستەى کورد لە باکورەوە پارێزگا کوردییەکان رزگاردەکات و ئەوانیش لەباشوورەوە دەستپێدەکەن و بە هەردوولا عێراق لە دەستى بەعس و رژێمەکەى دەسەنن، بەڵام راپەڕینى کوردستان سەریگرت و راپەڕینى شیعەکان هەرچەندە چەند هەفتەیەکیشى خایاند بەڵام سەرى نەگرت کە ناویان لێنابوو " راپەڕینى شەعبانییە"، هەر بۆیە بەعس و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانى عێراق کەوتنە سەرکوتکردن و راوەدوونانى چالاکوانانى ئەو راپەڕینە و ئەوەى پێیان کرا کردیان و تەنانەت دەستیان لە دارودرەخت و ژینگەى ناوچەکەش نەپاراست، هەربۆیە ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکی ئەو پارێزگایانە بەرەو عەرەبستانى سعودییە ملی رێگەیان گرت و لە پارێزگاى "رەفحا" کەمپیان بۆ کرایەوە و نیشتەجێکران، بەو بۆنەیەوە تا ئێستاش پێیان دەگوترێت رەفحاوییەکان.

دواى ئەوەى لە پرۆسەى ئازادی عێراقدا رەفحاوییەکان گەڕانەوە عێراق، بەگوێرەى یاساى ژمارەى 4ـى ساڵی 2006ـى تایبەت بە زیندانیان و دوورخراوە سیاسییەکان، هەموویان بوونە خاوەنى مووچەى خۆیان و هەریەکەیان بەبڕاوەیی یەکى ملیۆنێک دیناریان پێدراوە بە بێ رەچاوکردنى تەمەن و ژمارەى خێزان، هەرکەسێک بۆ ماوەی یەک خولەک چووبێتە رەفحا مووچەیەکی یەک ملیۆن دیناریی وەرگرتووە، هەر ئەوەیە کە وەزیری دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستات "ئاواتى شێخ جەناب" لە ماوەکانى رابوردودا ئاماژەى بەوەکرد ماڵی واهەیە لە ناوەڕست و باشوورى عێراق چەندین مووچە وەردەگرن، بەڵام بەهۆی ئەوەى لەم ساڵانەى دواییدا و بەتایبەتى لەسەردەمی مستەفا کازمیدا زۆرینەى مووچەکان بڕان و تەنها سەرۆک خێزان مووچەکەى ماوەتەوە، بەڵام وەک شارەزایان باسیدەکەن پرۆسەکە پاک و بێگەرد نییە و چەندین گەندەڵى تێدا ئەنجامدراوە و تا ئێستاش ژمارەیەکى زۆر بە نایاسایی و بە فرت و فێڵ ئەو مووچەیە هەروەردەگرن، ئەوە جگە لەوەى ژمارەیەکى زۆریان بەو ناوەوە خانەنشین کردووە بۆ ئەوەى بوارى بڕینى مووچەکانیان کەمبکرێتەوە، بە گوێرەى ئامارەکانى عەرەبستانى سعودییە ئەوانەى داخڵی وڵاتەکەیان بوون ژمارەیان تەنها 3 هەزار و پێنج سەد کەس بووە، بەڵام ئامارەکانى عێراق زۆر لەوە زیاترە و ئەوەى بە فەرمی دانى پێدانرابێت 30 هەزار و نۆسەد و حەفتاو پێنج کەسن و بە ژن و منداڵەکانیانەوە گەشتووەتە 40 هەزارکەس.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن پەرلەمانى عێراق و ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری قەرەبووکردنەوەى سەرجەم هاووڵاتیانى عێراقیان داوە ئەوانەى کە لەسەردەستی رژێمى بەعس زیانیان بەرکەوتووە، هەرچەندە بەشێک لە هاووڵاتییانى پارێزگاى هەڵەبجە بەبڕی 20 ملیۆن دینار قەرەبوو کرانەوە بەڵام پرۆسەکە لەژێر ناوی جۆراوجۆردا راوەستاوە، بەڵام بۆ رەفحاوییەکان نەوەستاوە و لە ماوەکانى پێشووشدا بڕیاری پێدانى پارچە زەوییەکیشیان پێدراوە و بەشێکى چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەرئەوەنییە رەفحاوییەکان سوود مەند بوون لە وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان و داشکاندیان بۆ دەکرێت و جگە لەوەش وەک زیندانى سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هەرچەندە بەگوێرەى یاسا و بڕیارەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان رەفحاییەکان تەنها ئاوارەبوون ، بەڵام بەپێچەوانەى یاسا و تەنانەت یاسای خانەنشینیى یەکگرتووى عێراقیشەوە هەموویان خانەنشین کراون، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن لەماوەکانى رابردوودا 18 ملیار دۆلار لە خەزێنەى گشتى عێراق بۆ رەفحاوییەکان خەرجکراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP