هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێم، وەڵامی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەداتەوە و رایدەگەیەنێت: دەستەکە نایاساییە و تەنیا بۆ گەندەڵی دامەزراوە، دەشڵێت، گەندەڵی لە دامودەزگا فیدراڵییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پەلاماردانی کوردستان بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ لادانی سەرنج لەسەر شکستی ئیدارەدانی خۆیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ی 6ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویكردەوە، تێیدا هاتووە، خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی کاری خۆیان دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەرێمی کوردستان سیستمێکی شەفاف و سەردەمیانەی بۆ بەڕیوەبردنی دەروازە سنوورییەکان هەیە کە بەشێوەیەکی یاسایی داهاتەکان کۆدەکرێنەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی لە عێراق هەیە کە سیستمی دەروازە سنوورییەکان بە خراپی بەڕێوەبردن ناسراون. "
لە ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "هێرشی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بۆسەر هەرێمی کوردستان بابەتێکی سیاسییە و بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکانە."
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا جەخت کراوەتەوە، گەندەڵی لە دامودەزگا فیدراڵییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پەلاماردانی کوردستان بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ لادانی سەرنج لەسەر شکستی ئیدارەدانی خۆیان.