هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی سێشەممە لە ڕێگای ڕۆشتنی بۆ لوتکەی ناتۆ، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، کە نایەوێت حکومەتی ئێران بگۆڕێت و وتی ئەوە دەبێتە هۆی "ئاژاوەگێڕی".
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت".
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندی پێوەکردووە و پێشنیاری هاوکاریکردنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئێران کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا لەو کاتەوەی ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کردووە، چەندین جار باسی ئەگەری "گۆڕینی ڕژێم" کردووە.
ترەمپ پێشتر لە تۆڕی "تروز سۆشیال"دا نووسیبووی: "ڕەنگە لە ڕووی سیاسییەوە بەکارهێنانی دەستەواژەی گۆڕینی ڕژێم هەڵە بێت، بەڵام ئەگەر حکومەتی ئێستای ئێران نەتوانێت جارێکی دیکە ئێران شکۆمەند بکاتەوە، بۆچی نابێت گۆڕینی حکومەت ڕووبدات؟"