هەرێم نیوز
لەدوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و ئێرانی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاشکرای دەکات: " ئێمە ئیسڕائیلمان ناچار بە ئاگربەست کردووە".
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایدەگەیەنێت: "ئێران هیچ متمانەیەکی ئەوتۆی بە ئیسرائیل نییە و ئەگەر بچووکترین هەڵە و پێشێلکاری ئاگربەست بکات، ئەوە وەڵامی یەکلاکەرە و پەشیمانکەرەوەیان بۆ ئیسرائیل دەبێت."
لەبارەی ئاگربەستی نێوان وڵاتەکەیان و ئیسڕائیل جەختی لەوەشکردەوە: "ئیسرائیلیان ناچار بە ئاگربەست کردووە."
نزیکەی دوو هەفتە بەسەر جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا تێدەپەڕێت؛ درەنگانی شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیسرائیل و ئێران بە ئاگربەستی جەنگ ڕازی بوون و بە گوێرەی زانیارییەکان لە دوای کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، لەسەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، هەردوو لایەنی جەنگەکە دەست بەرداری هێرشکردنە سەر یەکتر بوون.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە، ئەگەر ئێران پێشێلی ئاگربەست بکات، ئەوە توندترین شێوە سزای بدەن.