دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

“ئیسرائیل دوو كاتژمێر دوای دەستپێكردنی هێرشەكەی پەیوەندی بە (20) ژەنەراڵی ئێرانەوە كردووە”

هەرێم نیوز
رۆژنامەیەكی ئەمریكی ڕایگەیاند، ئیسرائیل دوو كاتژمێر دوای دەستپێكردنی هێرشەكەی پەیوەندی بە (20) ژەنەراڵی ئێرانەوە كردووە.

 رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریكی، لە  راپۆرتێكدا بە ناونیشانی " پەیوەندییەكی تەلەفونی هۆشداری لە ئیسرائیلەوە بۆ ژەنەڕاڵێكی باڵای ئێران: (12) كاتژمێرت لەبەردەمدایە بۆ هەڵاتن"، دەڵێت: تۆمارێكی دەنگی دەستكەوتووە، كە لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی نهێنیدا بووە، دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ئەنجامیداوە، بۆ ترساندن و پەرتوبڵاوكردنی بەرپرسانی باڵای ئێران. 

رۆژنامە ئەمریكییەكە ئاشكرایدەكات: زیاتر (٢٠) ژەنەراڵی ئێرانی دوو كاتژمێر دوای دەستپێكردنی هێرش بۆ سەر ئێران، پەیوەندی تەلەفۆنی هەڕەشە ئامێزیان پێگەیشتووە لەلایەن ئەندامانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلییەوە، کە بە زمانی فارسی قسەیانكردووە، بۆ تۆماركردنی گرتەیی ڤیدیۆیی تەسلیمبونيان.

بە گوێرەی رۆژنامەكە، تەنها یەك ژەنەڕاڵیان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تۆمارکردنی ڤیدیۆی خۆی، کە لە رێگەی تێلێگرامە پەیوەندی لەگەڵ كەسێكی ئیسرائیل كردووە.
خاڵێکی سەرەکی کە لە چیرۆکەکەدا فەرامۆشكراوە، پەیوەندیکردنە بە مۆبایلی ژەنەڕاڵە باڵاکانی ئێران، تیایدا هەواڵگری ئیسرائیل دوای لێكردون پەیامەی راگەیاندنی تەسلیمبوونیان تۆماربكەن، ئەگینا ئیسرائیل لەگەڵ ژن و منداڵەكانیان دەیانكاتە ئامانج، بەڵام وەك دەوترێت تەنها یەك ژەنەڕاڵیان ئامادەبووە ئەو كارە بكات، ئەوە لە كاتێكدایە، هیچ گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەوبارەیەوە بڵاونەكراوەتەوە، ئەوەش گریمانەی ئەوەی زیاتر كردوووە، كە هیچ كام لە ژەنەڕاڵە ئێرانیەكان ئامادەنەبوون گرتەی ڤیدیۆی تەسلیمبونی خۆیان تۆماربكەن و بینرێن بۆ ئیسرائیل، لەپێناو پاراستنی ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، هەواڵگری ئیسرائیل، دوو كاتژمێر دوای دەستپێكردنی هێرشەكان و کوژرانی ژمارەیەك لە ژەنەڕاڵە باڵاکانی ئێران، ئەو داواكارییەی ئاڕاستەی ئەو ژەنەڕاڵانە كردووە.

ئەو ساتانە ئێران لە دۆخێكی پشێویدا بووە، ساتێک بوو کە زۆرێک ترسیان لەوە هەبووە رژێم لە لێواری روخاندابێت، نزیکەی بیست پەیوەندی لەوجۆرە ئەنجامدراوە، ژەنەراڵەكان دوانزە کاتژمێر مۆڵەتیان پێدرابوو، بۆ تۆمارکردنی ڤیدیۆی تەسلیمبوون و ناردنی بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل، کە بڕیار وابوو دواتر بڵاویبكەنەوە. 

ئەگەر ئەوە رویبدایە، بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو دەزگاكانی دەوڵەت و هاندانی ئێرانییەكان بۆ راپەڕین لە دژی رژێم، بڵاویدەكردەوە.
ئەمەش ئاماژەیە بەوەی،  رەنگە خۆڕاگریی رژێمی ئێران لەوە بەهێزتربێت کە ئیسرائیل و ئەمریکا پێشبینیان كردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP