دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: دڵنیام قەیرانی مووچە بەرەو کۆتایی دەچێت

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە،  ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی نایاسایی نەدراوە و ئەمە کارێکی نادەستوورییە و پێمان وایە دەبووایە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی هیچ کێشەیەکی سیاسی نەکرێت. "

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، سوپاسی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ زۆر خۆڕاگربون و ماوه‌ی دو مانگه‌ موچه‌كانیان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ نه‌دراوه‌ و دڵنیایه‌ له‌وه‌ی كه‌ قه‌یرانی موچه‌ لە ته‌واوبوندایە، ده‌شڵێت، "به‌هیچ جۆرێك واز له‌ هیچ مافێكی ده‌ستوری خه‌ڵكی كوردستان ناهێنین و له‌ماوه‌ی ڕابردودا ڕۆژ نه‌بوه‌ خه‌ریكی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌ نه‌بوبین".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا، نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كارێكی نادەستورییە. نەدەبوو مووچەخۆرانی هەرێمی تێكەڵی هیچ كێشەو گرژییەك بكرێن.

وتیشی: بە پشتیوانی خوداو خەڵكی كوردستان، ئەم قەیرانە بەرەو كۆتایی دەڕوات، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداد بەردەوام لە پەیوەنديدابووین بۆ چارەسەكردنی ئەو قەیرانە و شەوی رابردوو، لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری قسەم كردووە، بۆ چارەسەكردنی ئەو قەیرانە.

بە خۆشخاڵییەوە رایانگەیاند، كە ئامادەن و لەم یەك دوو رۆژەدا شاندێك بنێرن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەقینە لەسەر ئەم بابەتەو، چارەسەكردنی كێشەی مووچە.
هیوادارم لەماوەیەكی زۆر نزیكداو لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بگەین بە ئەنجامێكی ئەرێنی.

باسی لەوەش كرد، "هیوادارم لەم چەند رۆژەدا بگەین بە ئەنجامێكی ئەرێنی و ئەم كێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوا و مووچەی مووچەخۆران دابین بكرێ، بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا بین حكوومەت هەرچی لە توانایدا بێت لە خزمەتی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا دەبێت.

لەبارەی مووچەی مانگی پێنج، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتی، گوشارێكی زۆر خراوەتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی نەتوانێ بووژانەوە بكات و پێش بكەوین، بۆیە داهاتی ناوخۆ بەشی هەموو پێداویستییەكان ناكات.

ئەوەشیخستەڕوو، "چاوەڕێمان دەکرد بڕیارێک لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە لە بەرژەوەندیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربکرێت، بەڵام ئێستا دادگاکە هەڵوەشاتەوە. ئێستا چاومان لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە کێشەی مووچە چارەسەر بکات."

سەرۆکوەزیران وتیشی؛ بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین مافە دەستورییەكانمان كە لە دەستوری عێراقدا هاتووە كەمبكرێتەوە، و  ئێمە واز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ناهێنین و دەبێت ئەوەش لە بەغدا بچەسپێنین، بەغدا تەنها خاوەنی ئەم وڵاتە نییە تاوەکو ئێمە بچین سواڵ بکەین و ئەوانیش خێرمان پێبکەن. 

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت مەسرور بارزانی دەڵێت، بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بە بڕی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە و تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵی قەرەبووی خەڵکی هەرێمی کوردستانی نەکردووەتەوە. بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، دەبێت ڕێککەوتن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکرێت، بەتایبەت کۆمپانیاکان. 

 

 

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP