هەرێم نیوز
ئەمڕۆ، چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین مافەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەفەوتێ و لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچە کە بە ڕێکارێکی نادەستووری، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا، کە دژ بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیشە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەسپێشخەری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ و پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لە ڕاپۆرتێکدا، هەڵسەنگاندنێکی بۆ بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و بە شێوەیەکی ناڕەوا ، وەزیری دارایی فیدراڵ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڕی.
وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕاپۆرتەکەدا، بە وردیی و بە زانیاری و ژمارە خشتەی داهات و خەرجیییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی دارایی 2025 لە 2025/1/1 تاوەکوو 2025/6/20 خستەڕوو، لە خشتەی داهاتەکاندا، سەرچاوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی ڕوون کردەوە و لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی و ئابووری، داتا و ژمارەکانی خشتەی خەرجی مانگانەی مووچە و بەرکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی کە مانگانە، سەرجەم ئەم داتا و ژمارانە، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراون و لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم، بە شێوەیەکی وەرزی، پێداچوونەوە و وردبینیان بۆ کراوە. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەش، چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردنی وەزارەتەکان، بە ئاراستەی ئەوەی کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆران بێت کە پێشەنگی بایەخی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
پاشان، سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پێزانینی بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی مووچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی، کە بە هۆی نەناردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە دۆخێکی دارایی سەخت دان و ئەنجومەنی وەزیران تێگەیشتنی تەواوی بۆ بارودۆخی ناهەمواری هاووڵاتیيان هەیە. بەڵام دڵنیاییشی دا کە هەموو هەوڵێک دەدەین مافەکانیان نەفەوتێ و لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچە کە بە ڕێکارێکی نادەستووری، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا، کە دژ بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیشە. سەرۆک وەزیران ڕوونی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بڕیارە شاندێکی حکومەتی فیدراڵ لەم ڕۆژانەدا سەردانی هەولێر بکات.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردنی بەردەوام لە پێناوی دابینکردنی مووچە و شایسەتە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانەسروشتییەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ بە ئاراستەی گەیشتن بە لەیەکترگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەم بابەتە.
ئەنجوومەنی وەزیران، هەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەجێ گەیاندووە و پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و وەک مافێکی شایستە بە مووچەخۆران بە دووری بگرێت لە هەر ناکۆکیەکانی نێوان هەردوولا، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە دەستپێشخەری سەردانی شاندی حکوومەتی فیدراڵ دەکات بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی وئابووریش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پێداچوونەوە بە داهات وخەرجییەکان بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخستنەوەیان بەجۆرێک، کە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، كاری لە پێشینەی سیاسەتی دارایی گشتیە لە هەرێم. هەروەها جەخت لە گرنگیی ڕێکخستنەوەی خەرجی بەکاربردن و نەسریەی وەزارەت و دامودەزگاکان و پێداچوونەوە بە بوارەکانی ئەم خەرجییانە کرا، بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەیەک ڕاسپێردرا کە بە هامەهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پێداچوونەوانە بە داهات و خەرجی بەکاربردنی وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن.