هەرێم نیوز
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی خزمەتی ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی خانەنشین دەبن، نووسراوێكی كرد، بەرپرسێكی پەروەردەش جەخت دەكاتەوە، ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی ئارەزوو دەكەن، لەبڕی 1ی7 تا كۆتایی ساڵ بەردەوام بن لە ئەرك و وەزیفە، دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردە كە لە رۆژی 29ی6ی 2025، دەرچووە و بۆ گشت پەروەردەكان ڕەوانە كراوە، داواكراوە بەپەلە ناوی بەشێكی مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیان بۆ ڕەوانە بكرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە كە لەسەر رێنمایی و بڕیاری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئاگادارتان دەكەینەوە: “ناوی ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی پەروەردەمان بۆ ڕەوانە بكەن كە لەدایكبووی 1ی 7ی 1965ن و لە 1ی 7ی 2025 خانەشین دەبن و دەیانەوێت تا 31ی 12ی 2025، بەردەوام بن لە خزمەت”.
لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە: “پێویستە ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانە داواكاری پێشكەشی پەروەردەی شوێنەکانی خۆیان بكەن و لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆمان بەرز بكرێتەوە، بە مەربەستی دیراسەكردن و رەزامەندی”.
بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە 3ی ساڵی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، كە لە 18ی 6ی 2025 دەرچووە “وەزیر، یان سەرۆكی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت، یان پارێزگار، بۆیان هەیە كۆتایی ساڵی رۆژژمێری، بە رێكەوتی لەدایكبوون هەژمار بكەن، لەبری (1ی7) لەو ساڵەدا”.
لای خۆیەوە سوهێل تاهیر عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە یەكەی سەرپەرشتیاری، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی ئارەزوو دەكەن لە بڕی 1ی 7 تا كۆتایی ساڵ بەردەوام بن لە ئەرك و وەزیفە، دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن و سوودمەند بن لە بڕیاری وەزارەتی دارایی”.
باسی لەوەش کرد، دەبێت لە ماوەی دوو ڕۆژدا داواکارییەکان پێشکەش بکرێن.
وتیشی: “بڕیارەكە كارێكی باشە، چونكە لەمساڵدا زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا خانەنشین كراون، دواخستنی خانەنشینییان وا دەكات مامەڵەكانیان باشتر ڕایی بكرێت و بۆشاییش لە قوتابخانەكان دروست نەبێت”.
بەشێك لەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی هەرێمی كوردستان كە تەمەنیان دەگاتە 60 ساڵ، دەکەونە 1ی7، چونكە ساڵانی شەست و حەفتاکان بەهۆی نادیاریی رۆژی لەدایكبوونیان ناسنامەی لەدایکبوونیان لە 1ی7 بۆ تۆمار كراوە.