هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا دەستدەکەن بە دەرهێنانی کارتی نیشتیمانی بۆ زیندانییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، کارتی نیشتیمانی بۆ نزیکەی 2500 زیندانی دەردەهێندرێت، لەمبارەیەوەش سەرۆکوەزیرانی عێڕاق ڕەزامەندی داوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی 3 ملیار دینار بۆ پڕۆسەی دەرهێنانی کارتی نیشتیمانی بۆ زیندانییەکان لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان.
هاوکات گوتیشی، دەرهێنانی کارتی نیشتیمانی بۆ هەر زیندانییەک بڕی شەش هەزار دیناری تێدەچێت، بۆ ئەمەش چاوەڕێی ڕەزامەندی وەزارەتی دارایین، لەمبارەیەوە تیمەکانی ڕەگەزنامە لەماوەیەکی نزیکدا سەردانی چاکسازییەکان دەکەن.
ئیحسان عەبدولڕەحمان ژمارەی زیندانییەکان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو کە ژمارەیان 2435 زیندانین، لەوانە چاکسازی گەورانی هەولێر 979 زیندانی، چاکسازی گەورانی سلێمانی 643 زیندانی، چاکسازی گەورانی دهۆک 813 زیندانی هەیە کە کارتی نیشتیمانیان نیە و بۆیان دەردەهێندرێت.