هێمن مەحمود
چی دەبێت کتوپڕ لەخاوەنی هەموو شتێکەوە ببیتە خاوەنی هیچ..؟ ئیش و ماڵ و خێزانت کەچی کتوپڕ بەیەکجار لە دەستی بدەیت....کارێک تیایدا داهاتێکی زۆرت دەستبکەوێت دەربکرێی، ماڵەکەت شوێنێک بێ بۆ ئارامی کەچی دەربکرێی، خێزانێک پانزە ساڵ بونیات نابێ و دوو منداڵیشت هەبێ کەچی لێتجیاببنەوە، هەموو ئەمانەش لەماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا ڕووبدەن، دەبێت چی هەستێکت هەبێ...؟!! هەمووشی لە پێناوی چیدا..؟ تەنیا لەپێناوی هەستی بەرپرسیارێتی، هەستی ئەوەی نەوەیەکی دیکە دێتە ژیانەوە و تۆ ناتەوێت بەبێ باوک بێت..تۆ ناتەوێ لە باوکایەتی ڕابکەیت..
فیلمی (LOCKE) یەکێکە لەو فیلمانەی کە ناچارت دەکات دووجار سەیری بکەیتەوە، فیلمێک کە تەواوی ڕووداو و دیمەنەکانی لەماوەی کاتژمێرێک و نیوێک لەناو ئۆتۆمبلیێکدا ڕوودەدەن و تاقە یەک ئەکتەر بەدیار دەکەوێت کە لەڕێگای تەلەفۆنەوە بەردەوام قسە لەگەڵ چەند کاراکتەرێکی دیکەدا دەکات.
فیلمەکە 2 ملیۆن دۆلاری تێچووەو داهاتەکەی 5 ملیۆن دۆلاربووە، ڕووداوەکان لەکورتە نامەیەکەوە دەستپێدەکەن کە شەوێک کرێکارێکی بیناسازی بەدەستی دەگات و تیایدا ئافرەتێک دەڵێت ئەمشەو منداڵەکەی تۆم دەبێت دەڕۆمە نەخۆشخانە.
کرێکارەکە یاخود بەرپرسی کرێکارەکانی پرۆژەیەکی گەورەی بیناسازی کە بڕیارە سبەینێ کارێکی گەورەی بیناسازی بەبڕی ملیۆنان دۆلار دروستبکەن، لەنامەکەدا بۆی دەنووسرێت بگەرە لام ئەمشەو مناڵەکەت لەدایکدەبێت، ئیدی لەشوێنی کارەکەیەوە بۆ لای ئافرەتەکە کە لە لەندەن دەژی کەمتر لە دوو کاتژمێر دوورە، سەرەتا بڕیار دەدات نەڕوات، دواتر لەترافیکێکدا بڕیارەکەی دەگۆڕێت و دەڕوات.
چیرۆکەکە لەوێوە دەستپێدەکات و ئیدی لەماوەی کەمتر لەو دوو کاتژمێرەدا کرێکارەکە کار و ماڵ و خێزانە ڕاستەقینەکەی خۆی و دوو منداڵەکەی لەدەستدەدات، بەڵام..
چیرۆکەکە لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا بەردەوامی دەبێت و بەدرێژایی ڕێگاکە ڕووداوی کتوپڕ و سەرنجڕاکێش لەڕێگای تەلەفۆنەوە ڕوودەدەن.ناوازەیی ئەم فیلمە لەوەدایە تەواوی دیمەنەکان لەماوەی کاتی فیلمەکە وەک ڕاستەقینە ڕوودەدەن و یەک کاراکتەر و لەشەودا ڕوودەدەن.
ئەم فیلمە دوو ملیۆن دۆلاری تێچووە، بەڵام داهاتەکەی 5 ملیۆن دۆلاربووە...چێژی ئەم فیلمەو حیوارەکانی تایبەتن.