هەرێم نیوز
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان 'ئەپیکۆر' بڵاویكردووەتەوە، پشتیوانیی لە پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکەن، بۆ ئەم ئەركەش ئامادەن.
ئەمڕۆ دووشەممە كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور)، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: "كۆمپانیاكانی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور)، خۆشحاڵن بە گفتوگۆكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و چڕبوونەوەی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق - توركیا /بەندەری جەیهان/، بە ئامانجی ئەوەی هەناردەی نەوت لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست پێبكاتەوە."
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو: "پێش ئەم گفتوگۆیانە، لە 12/7/2025، ئەندامانی ئەپیكور و نوێنەرانی كۆمپانیا نێودەوڵەتی و چالاكەكانی بواری نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا بەشدار بوون، لەو كۆبوونەوەیەدا، كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دووپاتیان كردەوە، ئامادەن دەستبەجێ هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق - توركیا دەست پێبكەنەوە، ئەگەر هاتوو ڕێككەوتنێكی نووسراو و پابەندكەر هەبێت و تێیدا دڵنیایی بدرێت لە شێوازی پارەدانیان، هەروەها ڕێز لە گرێبەستە بەركار و یاساییەكانیش بگیرێت و چارەسەری ئەو پارەیەش بكرێت كە هێشتا نەدراوەتە كۆمپانیاكان، پێویستە شێوازی پارەدان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك و شەفاف كە پەسەند بێت لەلایەن كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئینجا لە ڕێگەی كاش، یان لە ڕێگەی گواستنەوەی پشكی نەوتی شایستە /وەك خۆی/."
مایڵز كاگینز، گوتەبێژی ئەپیكور، ڕایگەیاندووە: "ئەندامانی ئەپیكور، ئامادەن دەست بە هەناردەی نەوت بكەنەوە، هەر كاتێك ڕێككەوتنێكی نووسراو هەبێت و تێیدا ڕێز لە گرێبەستە بەركارەكانیان بگرێت كە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەكانن، ئەندامانی ئەپیكور هەموو كاتێك پێداگر بوون لەوەی پێویستە ڕێز لە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانیان بگیرێت و هیچ كاتێك بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەكی حكوومییان نەكردووە پێچەوانەی ئەمە پێشنیاز كرابێت."