هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە دەرەوەی وڵات، سزای بەسەر ژمارەیەک کەس و ڕێکخراوی سەر بە ئێران سەپاند.
سێشەممە 15ـی 7ی 2025، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بەهۆی توندوتیژی دژی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردن، سزایان بەسەر هەشت کەس و ڕێکخراوێکی سەر بە ئێران سەپاند.
ڕاگەیەندراوەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو ڕێکخراو و کەسانە بە ئەنجامدانی پێشێلکاری لە دەرەوەی وڵات بە ناوی حکوومەتی ئێرانەوە بەرپرسیارن، لە وانە کوشتنی نایاسایی وەکوو لەسێدارەدانی ئارەزوومەندانە، بێسەروشوێن کردنی ئەو کەسانەی وەک نەیار یان ڕەخنەگری کۆماری ئیسلامی ئێران سەیر دەکرێن.
چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە پێگەی خۆی بڵاوی کردبووەوە، ئەمەریکا سزای بەسەر 22 کۆمپانیای لە هۆن کۆنگ و تورکیا سەپاند، بەهۆی ئەوەی ڕۆڵیان لە فرۆشتنی نەوتی ئێران هەبووە.
هەروەها ئاماژەشی دابوو، فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە یەکێک لە ڕێکخراوە بەهێز و سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە و لە لیستی تیرۆری بیانیی ئەمەریکادایە، لە فرۆشتنی ئەو نەوتە سوودمەند دەبن.