دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

پارێزگای هەولێر کەمترین ڕێژەی هەژاری لە عێراق تۆمار دەکات

هەرێم نیوز

داتا نوێیەکان دەریدەخەن، پارێزگای هەولێر کەمترین ڕێژەی هەژاری لە عێراق تۆمارکردوە کە 6.8% بوە، پارێزگای موسەنناش لە پلەی یەکەمی لیستی هەژارترین پارێزگاکانی عێراقدایە بە ڕێژەی 40%، ئەوەش گوزارشت لە نایەکسانییەکی توند دەکات لە پێوەرەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری لە نێوان پارێزگاکانی عێراقدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی نیشتمانی سەبارەت بە ڕەهەندەکانی هەژاری، پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی ڕێژەی هه‌ژاریان لە نێوان 8% بۆ 10% تۆمارکردوە، بەشێوەیەکی گشتی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو کەمترین هەژارترین پارێزگاکاندا ماونەتەوە لەسەر ئاستی نیشتمانی.

لە بەرامبەردا پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست لە پلەی دوەمدا بون، موسه‌ننا بە ڕێژەی 40% پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، سەرەڕای کەمبونەوەی بەراورد بە ڕێژەی پێشو (52% لە ساڵی 2022)، دواتر پارێزگای بابل بە ڕێژەی 35.7%، پاشان دیوانیە، زیقار، میسان، نەینەوا، بە ڕێژەی لە نێوان 30% بۆ 35%، ئەوەش تیشک دەخاتە سەر بۆشایی قوڵی گەشەپێدانی نێوان ناوچە جیاوازەکانی عێراق.
 دابەزینی ڕێژەی هەژاری لە هەندێک لە پارێزگاکان دەگەڕێتەوە بۆ سەقامگیری ڕێژەیی

چاودێران پێیان وایە کە دابەزینی ڕێژەی هەژاری لە هەندێک لە پارێزگاکان دەگەڕێتەوە بۆ سەقامگیری ڕێژەیی لە ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری، ئەوە جگە لە سیاسەتەکانی حکومەت کە تیشکیان خستوه‌تە سەر پاراستنی کۆمەڵایەتی، هاوکات ئەو ناوچانەی بەدەست ژێرخانی ناسک و بێکاری زۆرەوە دەناڵێنن بەهۆی بەردەوامی بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژارییەوە مەترسییان لەسەرە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP