دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی بۆ بەغدا: ئێمە دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت

هەرێم نیوز

 بارزانی، ڕایگەیاند، شتێكی زیاتریان لەوە داوا نەكردوە كە لە دەستوری عێراقدا دیاری كراوە بۆ كورد، بەڵام بە کەمتریش  رازی نابن کە دەستور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە، دەشڵێت، "تێگەیشتێنی باشترمان لەگەڵ یەكێتی هەیە و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت".

بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی دووشەممە 4ی ئابی 2025 لە سەلاحەددین بارزانی پێشوازی لە بەڕێز  كریستیەن هۆهمەن باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كرد.
 
ئاماژه‌ی بەوەش کردووە، لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئەڵمانیا بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو و بەڕێز ئاڵبێرت ڤۆن ویتكێ کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا ئامادەییبوو، بارزانی سوپاسی ڕۆلی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ پشتگیری لە قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان. 

ئەوەش هاتووە، بارزانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ئاماژەی بەوەدا کە گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت،

بارزانی وتی، ئێمە شتێکی زیاتر لە چوارچێوەی دەستورمان داوا نەکردووە بەڵام بە کەمتریش لەوە رازی نابین کە دەستور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە. 

هەروەها لە بارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بارزانی ئاماژەی بەوەدا، کە دوای کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت.
 
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆل و پێگەی بارزانی هەبوو و، پشتیوانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپای بۆ پێگەی دەستوریی قەوارەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کونسوڵخانە لە هەرێم پەیامێکە کە دەبێت قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزگاری و بەرگری لێبکرێت و ئاماژەی بە ئەو سەرکەوتنانە دا كە هەرێمی کوردستان بۆ ژێرخانی ئابوری و ئارامی و سەقامگیری هەیەتی و ئومێدی خواست لە شوێنەکانی دیکەی عێراقیش بێتەدی و هیوای خواست کە ئەو نمونە بەرچاوەی لە بوارە خزمەتگوزارییەکاندا لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە کایەوە بە تایبەت لە پرسی ئاو و کارەبا لە عێراقیش هەمان ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
 
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و عێراق و جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP