دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

پیاوی بێ ژن و مەسینەی بێ بن!

جاران لەدیوەخانی گەورەکاندا کۆمەڵێک پۆستی حازرکراو هەبوو ، هەر یەک لەم پۆستانە بەکەسێک دەسپێردراو هەر یەکەشیان ناوێکی هەبوو ، (قلیاندار) ئەو کەسە بوو کەسەر پەرشتی کاروباری نێرگەلە و خەڵوز گەشانەوە و توتنی بۆنخۆش و پیچانەوەی دەکرد.
پۆستی (مەیتەر) هەبوو ، ئەو کەسەبوو کە سەر پەرشتی وڵاخ و ئەسپ و گوێدرێژەکانی دیوەخان و ناڵبەندیی ئەکرد ، (سوارەی پشت ماڵان)هەبوو ، ئەمانە کۆمەڵێک تفەنگ بەدەست بوون بێ ئیش و بێکار دایم لە پشت ماڵی ئاغا حازربوون بۆ هەڵکوتانە سەر هەر (سەپان) و (وەرزێر) و کەسێک کە (سەرانە) و (پوشانە) و (مەڕانە) و تەنانەت هێلکانەشی نەدایە، لەرێگای ئەم سوارەی پشت ماڵانەوە ، لێی دەستێنرا، (لولێنە) یان (ئافتاوە) یان (مەسینەهەڵگر) هەبوو کە ئاوی دەکرد بەدەستی گەورەکاندا.
...........................
ئەگەر ئەمڕۆ بتەوێت بەدوای کارێکی وەک مەسینەهەڵگری بگەڕێیت بەئاسانی دەستت ناکەوێت ، ڕاستە مەسینەهەڵگری زۆر بووە ، بەڵام خودی مەسینە کەم بۆتەوە ، لەسەردەمی ژیری دەستکردوو پلاتفۆرم و مینبەرە ئەلکترۆنییەکاندا ، ڕۆڵی مەیتەر و ناڵبەند و سوارەی پشت ماڵان و مەسینەهەڵگری گۆڕاوە ، بۆ مەسینە هەڵگری ئەلکرۆنی و لایک و کۆمێنت و وەڵامدانەوەی توند.
.......................
لەڕاستیدا کە پیر دەبیت و دەکەویتە سەر جێگا ئەوەی کە لەکۆتاییدا دایبییەکەت دەگۆڕێت مندالەکانتن ، ئەوەی دەتباتە گەرما و ڕیش و بنباڵ و پشتت دەشۆرێ هاوسەر و مندالەکانتن ، ئەوەی لە سەیرانێکدا سێبەر و هەواو و ئاوی سازگارت پێدەدات ژینگەکەتە ، ئەوەی فێری ئەوەت دەکات بەزەییت ، بە ژێر دەستە و خەڵکەکەی چواردەورتدا بێتەوە پارووەکەی دەمتیان لەگەڵدا بەش بکەیت ، ئەوانەن کە مەسینە هەڵگر و دەبە هەڵگری ئاو پێدانی ئاژەڵ و باڵندەکانن.
هەموو مەسینە هەڵگرییەکیش خراپ نییە ، خراپ ئەوانەن کە :-
(محمد ڕەزا شا) لەکاتی هەڵهاتنیدا بە فڕۆکەکەی سەیری خەڵکەکەی کرد لە تاران گوتی:خودا (مەسینە هەڵگرەکان)ی چواردەورم بگرێت کە بەردەوام پێیان دەوتم قیبلەی عالەم هەموو شت باشە.
ئەوانەی کە ناهێڵن ڕاستی بگاتە جێی خۆی ، ئەوانەی کە بەستایش و پیاهەڵدانەکانیان ، ڕووناکی لەبەر چاوی گەورەکانیان دەکوژێننەوە ، ئەگەرنا چ نەنگییەکی تێدایە ، مرۆڤ خزمەتکار و تەنانەت ئاو بکات بەدەست و پێی ئەوانەی کە خۆشی دەوێن.
مەگەر بەبێ ئاژەڵ و گڤەی با و قەڵبەزەی تاڤگە و بەیبوون و هەنگ و دەنگی ڕوبارەکان ئێمە بوونێکمان هەیە ؟ مەگەر بەبێ ماسی و روبار و چۆم و هەڵاڵە و کنگر و بەراز و ئەستێرە و مانگ و تینی گەرما ئێمە بوونێکمان هەیە ؟
مەگەر هەموو پورەی هەنگێک شاژنێکی نییە ؟ مەگەر هەموو گەلە گورگێک گەورەیەکی نییە ؟ کە هەموو ئەندامانی پورەکە و ڕەوەکەی ئامادەن ژیانی خۆیان بەخت بکەن لە پێناوی شاژن و گەورەکەیان ، ئەی ئێمە بۆ ناتوانین ئەمە بکەین؟ حەزی لایک و کۆمێنت و ستایس و ئاوکردن بەدەستدا ئەمەی لەگەورەکانی ئێمەدا کوشتووە و حەزی مەسینەهەڵگرتن و ماستاویش ، هیچ بوارێکی بۆکەسە ژیرەکان نەهێشتۆتەوە ، تا شانەکە فێنک بکەنەوە ، تا ڕەوەکە لەبەفردا ڕەقی نەبێتەوە.
........................
کورد ئەڵێ (نۆکەری بێ مزە و خەڵات ، تاجی سەری ئاغایە)
(مزە) ئەوەیە کە ئاشەوان لەبری هاڕین و کڕە وەری دەگرێت، نۆکەرێک بەبێ هیچ دەست مایە و خەڵات و مزەیەک ، مەسینەهەڵگری بکات ئەوە خەڵات و دیارییە بۆ دیوەخان و گەورەکان ، قوڕیش ئەکات بەسەر ئەوانی تریشدا کارێکیان دەست نەکەوێت.
...............
لەمێژە گوتراوە (پیاوی بێژن و ئافتاوەی بێ بن) ، ئافتاوە و مەسینە هەرچەند پڕبێت هەموو ئاوی دونیای تێبکە ، کە ژێرێکی نەبێت ئاوەکەی گلبداتەوە هەر بەتاڵە و دەڕژێت ،ماڵێک کە نەبوو تێیدا بحەوێیتەوە ، نیشتیمانێک نەبوو کە تیایدا ئۆقرە بگریت هەمیشە هەر کونیت، چی لەوە باشترە مرۆڤ مەسینەهەڵگر و بتڵ هەڵگر و غەسالە هەڵگر و فەرش هەڵگر و دەبە هەڵگری خێزان و ماڵ و ژینگەی خۆی بێت ؟
جا ، هەیە مەسینە هەڵگری ماڵە خەزورانێتی بە تایبەت تازە دەستگیران و تازە زاوا ، هەتا تۆ لە دەوام دێیتەوە و شتەکان ئەخەیتە ناو سەیارە و منداڵ ئەپێچیتەوە ، ئەو ڕۆشتووە ، کەپری گرتووە ، موزەخەیەکی حەرامی بۆ بەستوون ، موبەریدەی پاککردۆتەوە و دووسێ تەنکەر ئاویشی حیجز کردووە ، ئێ تۆ چۆن لەگەڵ ئەمانەیا دەرناچیت لە ماڵەوە ، لە دەریشەوە لەگەڵ ئەو هەموو مەسینە هەڵگرانەی تردا چۆن دەردەچیت.
..........
(کۆڵە چیلکەکەت من بۆت هەڵدەگرم
ئەگەر داواکەیت لەبەر پێت دەمرم)
هەیە مەسینە هەڵگر و مردووی بەردەم ڕەگەزی بەرامبەرە ، جا دانەیەک شەو نامەی بۆ هاتبوو ، نوسراو بوو کوا پشیلەکەی من ؟ کابراش چوبووە ژورەکەی ئەودیوو وتبووی (مییاو ... میاو) ژنەکەی تێگەیشتبوو ،ڕۆشتبووە بۆماڵی باوکی ، وتبووی ئیتر ناڕۆمەوە ، من بەبێ ئەوەی ڤێتەنەریشم خوێندبێت ، ئەتوانم دەنگی پشیلەی مەسینەهەڵگر جیابکەمەوە
...........
ئەوەی بەداری گوڵیشەوە ببەسرێتەوە نابێت دڵخۆش بێت ،
چونکە هەربە بەستراوەیی حسابە ، ئەوانەشی بە ستایش و پیاهەڵدان و ماستاو و مەسینەهەڵگری چواردەوریان دڵخۆشن، لەبنەرەتدا نابێت دڵخۆش بن چونکە روانین و ڕێگای ڕاستەقینەیان لێبەستراوە.
حەمدی گوتەنی :-
(پێکەنینێکم لەلێوی تێگەیشتوویێ نەدی
راهبەری ئیدراک و فەهمە جیلوەی حوزن و مەلال)
ئەوانەی درک بەمەترسی مەسینە و موشتاقاتەکانی دەکەن بەردەوام دڵتەنگ و بێ حەواسن و ئەوانەشی تیایدا دەژین بەردەوام شاد و بەبەخت و بەکەیف ، بەڵام نابینا ، بێ ڕوئیا، هەتا سەریان ئەیدات لەبەردەکە.
نوقتە سەری دیڕ ....
...................................
*تەواکاری بابەتەکە لەیەکەم کۆمێنت دادەنێم ، لەگەڵ مێژووی چەمکەکەکان

 
 
 
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP