هەريم نیوز
لەگەڵ چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی لوبنان بە دەستبەسەرداگرتنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە داوا لە حزبوڵڵا دەکات هاوکاری سوپا بکات و هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی شەقام.
کەناڵی "العربیة/الحدث"، بڵاویکردۆتەوە نەبیە بێری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و سەرۆکی بزووتنەوەی ئەمەل کە هاوپەیمانی حزبوڵڵایە، داوای لەو حزبە کردووە هاوکاریی تەواوی سوپای لوبنان بکەن.
سەرچاوەکان ئەمڕۆ چوارشەممە رایانگەیاندووە، بێری بە حزبوڵڵای وتووە کە "بەکارهێنانی شەقام بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری چەک داماڵین هیچ سوودێکی نابێت."
هەروەها سەرۆکی پەرلەمان داوای لە حزبوڵڵا کردووە پشتیوانی حکومەت بکات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی "یۆنیفیل" لە باشووری لوبنان.
رادەستکردنی چەک:
شایەنی باسە، حکومەتی لوبنان لە سەرەتای ئەم مانگەدا (ئابی 2025) بڕیاریدا چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و سوپای راسپاردووە پلانێک بۆ وەرگرتنەوەی چەکی حزبوڵڵا دابنێت. بڕیارە پلانەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا پێشکەش بکرێت و لە کۆتایی ئەمساڵدا (2025) جێبەجێ بکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، حزبوڵڵا ئەم بڕیارەی رەتکردووەتەوە و بە "بێ بوون" ناوی بردووە، جەختیشیکردووەتەوە کە دەستبەرداری چەکەکانی نابێت.
لەسەرەتای دەرچوونی بڕیارەکەوە، لایەنگرانی حیزبوڵڵا بۆ چەندین رۆژ بە ماتۆڕسکیل لە ناوچە جیاوازەکاندا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ ئیدانەکردنی بڕیارەکەی حکومەت و پاڵپشتی کردن لە حزبەکەیان.
هاوکات، چەندین لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە پێویستیی دەستبەردارنەبوون لە چەک، رەخنەی توندی لایەنە لوبنانییەکانی لێکەوتووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی، 15ی 8ی 2025، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە وتارێکیدا لە شاری بەعلبەک لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان، ڕەخنەی توندی لە حکوومەت گرت و وتی: "چۆن دەتوانن قبووڵی بکەن حکوومەتێک ئاسانکاری بۆ کوشتنی هاوبەشەکانتان لە نیشتماندا بکات؟" هەروەها وتیشی: "ئێوە هەوڵی پاراستنی لوبنان نادەن، بەڵکو لەسەر حیسابی ژیانی هاوبەشەکانتان لە نیشتماندا، ژیانی خۆتان دەپارێزن."
جەختیشی کردەوە، ئەرکی حکوومەت بنیاتنانی وڵاتە، نەک تەسلیمبوون بە ئیسرائیل و ئەمەریکا.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا پێی وایە "حکوومەت فەرمانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە حزبوڵڵا جێبەجێ دەکات، تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ و ململانێی ناوخۆیی."