هەرێم نیوز
شاندی حكوومەتی ھەرێمی کوردستان کە چەند رۆژێکە لە بەغدان، ئەمڕۆ چوارشەممە، كۆبوونەوەیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەست پێكرد.
بەپێی زانیارییەکان، شاندی حكوومەتی ھەرێمی کوردستان، جگە لە ئومید سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، لە ھەشت بەڕێوەبەری گشتی و تیمی تەکنیکی پێکھاتوون، رۆژی سێشەممە لەگەڵ لیژنەی وەزاریی حکوومەتی عێراق لە وەزارەتی پلاندانان کۆ بوونەوە و لەبارەی زۆربەی کێشەکان گفتوگۆیان کردووە و چارەسەری کێشەکان ھەنگاوی باشی بڕیوە.
ھەر دوای ئەو کۆبوونەوانە، حکوومەتی عێراق بریاری دا بە خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام بە مەرج.
پێش كەمێكیش كۆبوونەوەی نێوان ئەو شاندە و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان، دەستی پێكرد.
ماوەی دوو ڕۆژە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە. دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی دا بە مەرجی جێبەجێکردنی سێ داواکاری، بەڵام ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان شاندی کوردستان و تەیف سامی بۆ پۆلێنکردنی داهاتی نانەوتی مانگەکانی داهاتووە. واتا پەیوەندی نییە بەو 120 ملیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە وەکو مەرج دیاری کردووە بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەش.