هەرێم نیوز
لەگەڵ زیادبوونی قسە و باسەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرشی نوێی ئیسرائیل و هەڕەشەی دووبارەی وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیل لە دژی عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرپرسانی پێشوو و ئێستای ئێران هۆشدارییان داوە کە ئەگەری هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە هەفتە و تەنانەت ڕۆژانی داهاتوودا هەیە.
لە کاتێکدا وەزیری بەرگریی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل دووبارە هێرش بکاتەوە، مووشەکی پێشکەوتووتر بەکاردەهێنرێت، فەرماندەی بنکەی "خاتەم ئەلئەنبیا"ی سوپای پاسدارانیش بەهەمان شێوە ڕایگەیاندووە، هێزە چەکدارەکان لە ئامادەباشی جەنگدان.
هەرچەندە بەشێک لە شارەزایانی سەربازی و سیاسی دەڵێن ئەگەری دووبارە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە هەفتەکانی داهاتوودا زۆر بەرزە، بەڵام عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێی وایە لە هەلومەرجی ئێستادا مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زۆر بەرز نییە.
عێراقچی پێش هێرشی ئیسرائیل لە شەڕی 12 ڕۆژە، لێدوانی هاوشێوەی دابوو، بەڵام لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە پێش شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران سێ جار لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل نزیک بووەتەوە.