هەرێم نیوز
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەڵێت، رێكخراوی تیرۆریستی داعش مەترسی بۆ سەر وڵات دروست ناکەن.
نوعمان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەتوانایەو لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە ئەمنییەکان، رۆژانە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و هەواڵگری دژی ئەندامە تیرۆریستییەکان لە هەر شوێنێک بن، ئەنجام دەدەین و لە سایەی ئیرادە و چاوكراوەیی هێزە ئەمنییەکان، گورزی بەردەوامیان لێدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشدا: سنورەکان به تەواوی پارێزراون، هەر پێشهاتێكى هەرێمایەتیش راستەوخۆ کاریگەریی لهسەر ئاسایشی عێراق نییه، ئێمە دڵنیاین لە توانا مەیدانی و هەواڵگرییەكانی هێزە ئەمنییەکان.
ئەو لێدوانەی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دوای ئەوە هات، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد لە هەژماری فەرمی خۆی لە سەكۆی "ئێكس" نوسینێكى بڵاوكردووەتەوەو تیادا دەڵێت: ئەمریکا بەردەوامە لە پێشەنگیدان بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان و لایەنە چالاكە هەرێمییەكان لە شەڕی دژی تیرۆر، ئێمە نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان و فراوانبونی هەرێمایەتی هەردوو رێكخراوی داعش و قاعیدە لە عێراق و شام.