دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

لەمەودوا بەشداربووانی پڕۆژەی رووناکی دەتوانن لەڕێگەی کۆدێکەوە بزانن مانگانە چەند پارەی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە

هەرێم نیوز

پڕۆژەی رووناکی، کۆدێکی چوار ژمارەیی کارا کرد، لەمەودوا بەشداربووانی پڕۆژەکە دەتوانن لەڕێگەی ئەو کۆدەوە بزانن مانگانە چەند پارەی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە، یان ئێستا چەند کارەبایان بەکارهێناوە.

ئەو کۆدەی کارا کراوە (#1992*)ە، بەشداربووانی پڕۆژەی رووناکی ئەو کۆدە لێدەدەن و دوو بژاردەیان دەداتێ (1.بڕی پسوولە) و (2.بڕی بەکارهێنان) بە داگرتنی ژمارە یەک بڕی کارەبای بەکارهێنراو و تێچووەکەیت پێ دەڵێت. هەروەها بە داگرتنی ژمارە دوو بڕی بەکارهێنانی ئێستات لە ماوەی هەفتەیەک تاوەکو 10 رۆژ دەداتێ.

سەرچاوەیەک لە پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند، هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی گلەیی ئەوەیان دەکرد، کە درەنگ کورتەنامەی مۆبایلیان لە بارەی بەکارهێنانی کارەباوە پێدەگەیشت، یان درەنگ پسوولەیان بۆ دەهاتەوە، یاخود ناتوانن هەر کاتێک بیانەوێت سەیری پسوولەکەیان و بڕی بەکارهێنانی کارەبا بکەم، بۆیە ئەو کۆدەمان کارا کرد.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە تایبەتمەندیی ئەو کۆدە کرد و وتی: "لەڕێگەی ئەو خزمەتگوزارییەوە، ئەو کەسانەی خۆیان لە پڕۆژەی رووناکی تۆمار کردووە، بە بەکارهێنانی ئەم کۆدە دەتوانێت بڕی پسوولە و بڕی بەکارهێنانی ئێستای کارەباکەی بزانێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، تشرینی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی رووناکی راگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاژێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە 14ـی ئایاریش، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.

تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبای 24 کاتژمێریان پێ دەگات.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ دوو ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی دابین کراوە، کە 40٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP