دواین هەواڵ

ئابوری‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆمپانیای هانت ئۆیل: بەرهەمهێنانی نەوتمان لە هەرێمی كوردستان دەستپێكردەوە

هەرێم نیوز

دوای ڕاگرتنی کارەکانی بۆ ماوەی نزیک لە مانگێک کۆمپانیای "هانت ئۆیل"ی ئەمریکی دەستپێکردنەوەی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە، کۆمپانیای "هانت ئۆیل"ی ئەمریکی، دەستپێکردنەوەی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئەوەش دوای نزیکەی مانگێک لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە یەکێک لە کێڵگەکانی لە شاری دهۆک کردە ئامانج.

وتەبێژی کۆمپانیاکە، بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ی وتووە: پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە بەرهەمهێنان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

ئەم لێدوانە دوای راگەیاندنی دەستپێكردنەوەی كاری کۆمپانیاکانی تری نەوت دێت، كە دواینیان، کۆمپانیای DNO ی نەرویجی بوو، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەکانی کوردستان راگەیاند ، کە مانگی رابردوو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی مانگی تەمموزدا، کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان کرایە سەر، بە گوتەی لایەنە ئەمنییەکان. هێرشەکان زیانی ماددی بە کێڵگەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت گەیاند، توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم کەم بووەوە لە هەندێک کێڵگە کارەکانی بەتەواوی ڕاگیرا.

لە هەرێمی کوردستان، 52 بلۆکی نەوتی هەیە، بەڵام تەنیا لە 9 بلۆک کار دەکرێت، هەشت بلۆکیان لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆکن و یەکێکیان لە سنووری پارێزگای سلێمانییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP