دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

لاهور شێخ جەنگی دەستگیرکرا

هەرێم نیوز

ئەمشەو پاش چەندین کاتژمێر لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی و هێزیلاهوور شێخ جەنگی، لە ئاکامدا لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل و دوو لە براکانی لەگەڵ حامدی حاجی غالی دەستگیرکران. لەو شەڕەدا سێ کوژراو و 15 بریندار هەیە.

 
ئەمەش پاش ئەوە ڕوویدا، کە نزیکەی چوار کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە، هێزێکی زۆری ئەمنی برابووە نزیک هۆتێل لالەزاری سلێمانی کە شوێنی نیشتەجێبوونی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلە. هێزە ئەمنییەکان داوای خۆبەدەستەوەدانیان لە لاهوور شێخ جەنگی کرد و وتیان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.

لە پاش کاتژمێر 03:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، شەڕ لە لالەزار دەستیپێکرد، دواتر چەند درۆنێکیش لە دەباشان کەوتنە خوارەوە.

پێش دەستگیرکردنی، لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە سەربانی ماڵەکەی تۆماری کردووە دەڵێت: ئەو برادەرانە [سەرکردایەتیی یەکێتی] بڕیاریان داوە هێرش بکەن، رەنگە ئەمە دوایین پەیامم بێت و بەپێوە دەمرم.

بەپێی زانیارییەکان 3 کوژراو و 15 بریندار لە شەڕەکەدا هەیە. هاوكات خانوو و ئۆتۆمبیلی هاوڵاتیان له‌و سنوره‌ى کە شه‌ڕه‌كه‌ تێیدا ڕوویداوه‌ زیانی به‌ركه‌وتووه‌.

ئارام محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی وتی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل رۆژی پێنجشەممە 21-8-2025 "لە لایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانییەوە دەرچووە، ئەوەش بە گوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی".

سەبارەت بە مادەی 56 و سزادانی تۆمەتبار لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکە بەسەریدا، ئارام محەممەد ساڵح وتی: "مادەی 56 لە یاسای سزاکانی عێراقی پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک. سزاکەش زیندانیکردنە بە ماوەیەک کە زیاتر نەبێ لە 7 ساڵ، ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتوون لەسەری تاوانی گەورە بێ. بەندکردنیشە بۆ ماوەیەک لە 2 ساڵ زیاتر نەبێ یان پێبژاردنێک لە 125 هەزار زیاتر نەبێ ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی، کەتن بێ، ئەگەر لە بارێکدا سزایەکی تووندتر یاسایەکی تووندتری بۆ ئەو دۆخە دانەنابێ".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP