هەرێم نیوز
شادمان مەلا حەسەن دەڵێت،" بەرەی گەل بەردەوام دەبێتو بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەین"، لەبارەی دروستبوونی شەڕەکەی لالەزار، دەڵێت، ئەگەر عێراق دەوڵەت بوایە ئەو گرژییەی سلێمانی رووینەدەدا".
شادومان مەلا حەسەن، سەرکردەی بەرەی گەل لەبارەی داهاتووی حزبەکەیەوە رایگەیاند "بەرەی گەل بەردەوام دەبێت و لەپڕۆسەی سیاسی دانابڕێت".
لەبارەی بەشداریکردنی بەرەکە لەپەرلەمانی عێراق؟ شادومان مەلا وتی "بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لیستمان پێشکەشکردووە".
سەبارەت بە کورسیەکەی لاهور شێخ جەنگییش، ناوبراو ئاشکرایکرد، "کەسی دیکە هەیە جێگەی لاهور شێخ جەنگی بگرێتەوە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە پەرلەمان کۆنابێتەوە".
پەیوەست بەوەی چارەنوسی سەرۆکی بەرەی گەل بە کوێ دەگات؟ ئەو سەرکردەیەی بەرەی گەل ئاشکرایکرد "سەرۆکی حزبێک بەزەبری هێز کاک لاهوری گرتووە دوور لە یاسا و رێساکان، ئەو سەرۆکە هەستاوە کۆمەڵێک میلیشیای کۆکردووەتەوە ئەو شەڕەی پێکردوون. بەڵام رێگایەکمان پێ بڵێ بۆ ئازادکردنی کاک لاهور! نازانین ئێستا چی بڵێێن لەسەر ئەو دۆخە، کەسێکی عەشائیریش نییە وەکو عورفی عەشایەری سوڵحی لەگەڵ بکەین".
دەربارەی ئەوەی داوای هاوکاری لە حکومەتی عێراق نەکراوە؟ شادومان مەلا وتی "ئەگەر عێراق دەوڵەت بوایە ئەو گرژییەی سلێمانی رووینەدەدا".
دەشڵێت، "نازانم کاک لاهور چی کردووە تا بگیرێت، ئێستا من دەتوانم تۆمەتێک بۆ تۆ هەڵبەستم و دەڵێم؛ قورسترین تاوانی کردووە و بە قورسترین ماددە سزای بدەن. بەڵام بەرەی گەل بەردەوام دەبێت و پاشەکشە ناکات".