دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە

ئەرشیف

هەرێم نیوز

بڕیارە ئەمشەو شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە مووچە، نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان، بەرپرسێکی عێراقیش دەڵێت، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرجەکان جێبەجێ بکات، ئەوا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بڕیاری ناردنی پارەکە دەدرێت".

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی داوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە ئەمشەو شاندێک لە هەولێرەوە بچێتە بەغدا.

ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی شاندی کوردستان، گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو خاڵە ناکۆکانەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدادا ماونەتەوە، بەتایبەتی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چۆنیەتی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاندووە، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرجەکان جێبەجێ بکات، ئەوا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بڕیاری ناردنی پارەکە دەدرێت و لە ڕۆژانی چوارشەممە یان پێنجشەممەدا مووچەکە دەنێردرێت."

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکان و ڕایگەیاند، "120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ئامادەیە و هەر کاتێک بەغدا داوای بکات، ڕادەستی دەکەین. هەروەها کارکردن لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیش بەردەوامە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP