دواین هەواڵ

عێراق‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبیی کشاندەوە

هەرێم نیوز

لە كاتێكدا فەرماندە و سەركردەكانی حەشدی شەعبی بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە جلوبەرگی هێزەكانیان لەبەر دەكەن و دەچن لەنێو پەرلەمانی عێراقدا یاسای حەشدی شەعبی دەردەكەن، كەچی وێڕای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق، تەنیا دوو پەرلەمانتار جلوبەرگی حەشدی شەعبییان لەبەر كرد و بە تەواویش بێدەنگییان لە دەركردنی یاساكە كرد.

لەمبارەیەوە رۆژنامەی (المدی)ی عێراقی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە دانیشتنەكانی چەند رۆژی رابردووی پەرلەمانی عێراق بۆ گرووپەكانی حەشدی شەعبی ”پەڵەدار“ بوون، چونكە نەیانتوانی بەڵێنەكانیان بۆ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی جێبەجێ بكەن و تەنیا كردیانە دانیشتنی وێنەگرتن.

ڕوونیشی كردووەتەوە كە لە دانیشتنەكەدا تەنانەت ناڕەزاییش لە دژی پشتگوێخستنی یاساكە دەرنەبڕدراوە، هۆكارەكەش ئەوەیە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی لەنێو خۆیشیاندا دابەش بوون و یەكدەنگ نین لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەیاساكە.

لەمبارەیەوە پەرلەمانتارێك كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە، بە رۆژنامەی (المدی)ی راگەیاندووە: ”هێزەكانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق ئەو گەرموگوڕییەی بۆ تێپەڕاندنی یاساكە هەیانبوو، نەیانماوە، هۆكارەكەش هەڕەشەكانی ئەمریكایە.“

بەپێی هەمان راپۆرت، هەرچەندە هەفتەی رابردوو میلیشیا چەكدارەكانی حەشدی شەعبی بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە گوێ بە هەڕەشەكانی ئەمریكا نادەن و بە جلوبەرگی حەشدی شەعبییەوە دەچنە نێو پەرلەمانی عێراق و یاساكە تێدەپەڕێنن، كەچی ”تەنیا دوو پەرلەمانتار جلوبەرگی حەشدی شەعبییان لەبەر كرد“ لە كاتێكدا پێشتر رێكخراوی بەدری هادی عامری و میلیشیای عەسایب ئەهلی هەقی قەیس خەزعەلی بەردەوام داوایان لە پەرلەمانتاران دەكرد وەك پاڵپشتی بۆ تێپەڕاندنی یاساكە، جلوبەرگی حەشدی شەعبی لەبەر بكەن.

هەر ئەو رۆژنامەیە ئەوەشی دركاندووە كە تەنانەت ئەو دوو پەرلەمانتارەشی جلوبەرگی حەشدی شەعبییان لەبەر كردووە، تەنیا لە كافتریای پەرلەمانی عێراقدا وێنەیان بە جلوبەرگەكە گرتووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵاویان كردووەتەوە.

هاوکات، ئەمڕۆ چوارشەممە،ئیبراهیم دلێمی، راوێژکاری یاسایی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سوودانی بە ئەندامانی چوارچێوەکەی گوتووە، ئەگەر پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی نەکشێنینەوە، رووبەڕووی سزای قورسی ئەمریکا دەبینەوە و عێراق وێران دەبێت."

پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە 18 مادە پێكهاتووە، 25ی شوباتی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد و پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کردووە و تەنیا دەنگدانی ماوە.

لەو پڕۆژەیاسایەدا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق پێناسە کراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. سەرۆکی دەستەکە باڵاترین دەسەڵاتە و بەرپرسە لە سیاسەتی کارکردنی دەستەکە و چاودێریی چالاکییەکانی دەکات.

حەشدی شەعبی دوای سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان پێکهێندرا و بودجەکە بۆ ساڵی 2024 چوار تریلیۆن و 500 ملیار دینار بوو. بەگوێرەی خشتەکانی یاسای بودجە، ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی 238 هەزار و 75 کەسە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP