دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

نوری مالیکی هۆشداری دەدات لە دواخستنی هەڵبژاردن

هەرێم نیوز

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هۆشداریی لەبارەى دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەدات و رایدەگەیەنێت، دواخستنی هەڵبژاردن کارەساتی لێدەکەوێتەوە.

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە وتارێکدا رایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، چونکە دواخستنی دەبێتە هۆکارى رووخانی پرۆسەی سیاسی و شەرعیەتی پەرلەمان و حکومەت.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوا لە هاوڵاتییان دەکات بەشدارییەکی کارای هەڵبژاردن بکەن و بە شایستەیەکی نیشتمانی و دەستووری ناویدەبات، بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا.

باسی لەوەکرد، "هەڵبژاردن مەرج و رێکارى تایبەتی خۆی هەیە، گەشت نییە تاوەکو دوابخرێت، دواخستنی هەڵبژاردن دەبێتە هۆکارى دروستبوونی کارەسات لە وڵاتدا".

مالیکی ستایشی رۆڵی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کرد لەبەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی وردبینیکردنی ناوی بەربژێرەکان و رایگەیاند، هەوڵ هەیە بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم کارەکانیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت و تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بەردەوامە لە پرۆسەی وردبینیکردنی ناوی بەربژێرەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP