دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم چارەسەر کرا

هەرێم نیوز 

سەرچاوەیەک لە کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، ئەگەر هیچ کێشەیەک دروست نەبێت، لە دوای کاتژمێر 12:00ی ئەمشەو بڕیارە هێڵی کۆڕەک تیلیکۆم لە سەرانسەری عێراق بەردەست بێت و ئاسایی بێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی 8ی 2025، سەرچاوەیەک لە کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، "کێشەی راگیرانی ئینتەرنێتی کۆڕەک کێشەیەکی کۆنە و لە ساڵانی 2000ـەکانەوە هەیە، بەڵام بڕیارە دوای کاتژمێر 12:00ی ئەمشەو تەواوی کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لە سەرانسەری عێراق و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەر بن و هێڵەکە لە هەموو عێراق ئاسایی بێتەوە".

وتیشی، "هەموو ئامادەکارییەکان کراون، ئەگەر هیچ کێشەیەکی لەناکاو روونەدات، ئەمشەو پەیوەندیی هاوبەشانی کۆڕەک تیلیکۆم بە هێڵەکانی دیکە لە عێراق ئاسایی دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەموویان لە رێگەی کورتەنامەیەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە".

رۆژی 18-02-2025، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاری سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی راگەیاند، کە بریتییە لە راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت "بەهۆی پابەندنەبوونی بە پێدانی قەرزە کەڵەکەبووەکانی و بەردەوامبوونی لە سەرپێچیکردن، هەروەها بۆ هاندانی بۆ دانەوەی قەرزەکانی".

دوای بڕیاری دەستەکەی عێراق، رۆژی دواتر کێشە بۆ ئینتەرنێت و پەیوەندیی کۆڕەک تیلیکۆم لە هەرێمی کوردستانیش دروست بوو، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک کێشەکە لە هەرێمی کوردستان چارەسەر کرا.

رۆژی 20-02-2025، مازن سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لەبارەی کێشەکان رایگەیاند، "لە ساڵی 2007 دەبووایە کۆڕەک بڕواتە شوێنی کۆمپانیای 'عێراقونا' کە سێ ملیۆن بەشداربووی هەبوو و کۆدی 079 وەربگرێت، بەڵام بەداخەوە ئەو کات بە نایاسایی بەشداربووەکان درانە کۆمپانیای زین. ئەمەش بووە بابەتی کێشەکانی نێوان کۆڕەک و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق کە تاوەکو ساڵی 2015 بەردەوام بوو".

بەوتەی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم، بەردەوام کێشەکەیان بردووەتە دادگا و "ساڵی 2015 بڕیارێک لە دادگا دەرچوو کە ئەو پارەیەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لەسەر کۆڕەک ماوەتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی کۆدی 079ی بەشداربووەکانی نەگەڕێندرێتەوە، نایدات، بەڵام دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق پابەندی بڕیارەکە نابێت".

مازن سیروان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە، بڕی پارەکە 375 ملیۆن دۆلارە و 290 ملیۆن دۆلاریشی پێبژاردنی خراوەتە سەر، وتیشی: "تاوەکو ئێستا 9 نووسراو لە دادگاوە بۆ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق نێردراوە، بۆ ئەوەی بڕیاری راگرتنی دانەوەی قەرزەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP